فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراقییەکان تاوتوێی هەڕەشەکانی داعش دەکات

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا ئاشکرای دەکات، جەنەراڵ کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا و عێراق لە بەغدا و ئەو ئەندامانەی لە خزمەتی سەربازییی هێزەکانی ئەمریکادان لە هەولێر.
بەپێی ڕاگەیاندراوی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆرێلا لە بەغدا لەگەڵ فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر ڕەشید یارەلڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق و فەریق قەیس مەحەممەداوی کۆبووەتەوە.
وەک فەرماندەییەکە ئاشکرای کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق و گۆڕانکارییەکانی سووریا کردووە، هەروەها باسیان لە گرنگی گەڕاندنەوەی زیندانیکراوانی داعشی عێراقی کردووە لە و زیندانانەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە سوریا ڕاگیراون و شیاندنەوەی هەزاران هاوڵاتی عێراقی لە کەمپی هۆڵ.
فەرماندەییەکە ڕایدەگەیەنێت: لە ساڵی 2024دا 156 عێراقیان لە زیندانەکانی داعشدا گواستووەتەوە و 3 هەزار و 203 هاووڵاتی دیکەشیان لە سووریاوە گەڕاندووەتەوە خاکی عێراق.
دواتر جەنەراڵ کۆرێلا لەگەڵ لیوا کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزی ئەرکە هاوبەشەکان بۆ تێکشکاندنی داعش لەنێوخۆی عێراقدا کۆبووەوە کە ساڵی 2024 زیاتر لە 325 ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و نزیکەی 40 هێرشی ئاسمانیان دژی داعش ئەنجامداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و عێراق دووپاتیان لە گرنگی ئۆپەراسیۆنە هاوبەش و بەردەوامەکان کردەوە بۆ فشارکردن لە سەرکردەکانی داعش و چەکدارانیان، هەروەها پەکخستن و بێهێزکردنی هەوڵەکانیان لەپێناو دووبارە سەرهەڵدانەوەی چالاکییەکانیان لە ناوچەکە و دەرەوەش.