فوئاد حوسێن بۆ کوردستان24: کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم دێتە هەرێمی کوردستان
کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق بژاردەیەکە و بڕیاری لەبارەوە نەدراوە

جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم گفتوگۆی کردووە و بەڵێنیان پێیداوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و قسە لەبارەی کارکردن لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسان بکەن.
پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لەلەندەن بە دلۆڤان عیمادەین، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لەگەڵ بریتش پترۆڵیۆم قسەم کردووە و بەڵێنیان داوە کە دێنە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسان باسی کارکردن لە کێلگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەشڵێت: ئەمە ڕێککەوتنێکی سەرەتاییە نەوەک یاسایی.
فوئاد حوسێن دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکان لە لەندەن، باسی پەنابەران نەکراوە، تەنها باسی ئەوانە کراوە کە هیچ وەڵامێکیان نییە و مافی مانەوەیان پێ نەدراوە، لەگەڵ ئەو عێراقیانەی تاوانبارن و لە زیندانن، دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانەکەیان چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لەبارەی پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: پێش ئەوەی ئێمە بگەینە بەغدا بۆ گەیاندنی پەیامی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕێگەی میدیاوە پەیامەکە گەیشت.
هەروەها لەبارەی پرسی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق، فوئاد حوسێن گوتی: کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا خراوەتە ڕوو لەگەڵ ئەوەی دیراسەی دەوێت، بەڵام جارێ هیچ بڕیارێک لەو بارەوە نەدراوە.
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کۆنە و پێویستە قۆناغ بە قۆناغ چارەسەر بکرێت، ڕێگەیەکی دیکەش نییە جگەلەوەی چارەسەر بکرێت.
دەشڵێت: ئەو بڕگەیەی لە یاسای بوودجەدا هەیە، ئەگەر پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر دەبێت، چونکە دەبێت پرسی نەوت بە یاسایەکی تازەی نەوت چارەسەر بکرێت.
ئێوارەی دووشەممە، 13 ی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە بەریتانیا کە فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەش یاوەریەتی.
سێشهممه، 14ـی كانوونی دووهمی 2025، محهممهد شیاع سوودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق و كییهر ستارمهر، سهرۆك وهزیرانی بهریتانیا ڕێككهوتنی هاوبهشی و هاریكارییان ئیمزا كرد كه بوارهكانی بازرگانی و هاریكاریی ئابووری و ستراتیجی دهگرێتهوه و بڕی هاوكاری و هاوبهشییهكان 12.3 ملیار پاوهنه.
بلومبێرگ بڵاوی کردەوە "ستارمەر، پرسی کەمکردنەوەی پەنابەران لە بەریتانیا کردووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانی." هەروەها هەوڵ دەدات مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی هەزاران عێراقی کە ساڵانە دەگەنە ئەو وڵاتە، چارە بکات.
نزیکەی 16 هەزار و 499 عێراقی لە نێوان مانگی یەکی ساڵی 2020 تا ئەیلوولی 2024 بە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزیدا گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەوەش دەکاتە 12%ی سەرجەم کۆچبەران لەو ماوەیەدا.