وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل: ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئامادەکاری مەیدانی دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.

پێنجشەممە 16ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاشکرای کرد، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەت و سوپا کۆبووەتەوە، بۆ دەستپێکردنی ئامادەکاری مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازیاری و پاڵپشتی لۆجیستیی سوپای ئیسرائیل، کارەکان خێراتر دەکەن بۆ ئەوەی هەلومەرجی لەبار و گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دروست بکرێت.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی هارتز لە زاری سەرچاوەیەکی ئیسرائیلەوە ئەمڕۆ بڵاوی کردەوە، سبەی هەینی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی وڵاتەکە بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنی غەززە کۆدەبێتەوە.

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر راگەیەندرا.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

-کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنوور لە تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە.

-کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و کشانەوەی تەواو لە دەروازەکە.

-بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە دەرەوەی وڵات.

-ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، بگاتە نێو غەززە.

-200 چادرو 60 هەزار بارهەڵگر بۆ بەهاناوەچوونی بەپەلە بگەیندرێنە غەززە.

-گۆڕینەوەی دیلەکان و ئازادکردنی 1000 دیل لە کەرتی غەززە، لەگەڵ سەدان بەندکراو و حومکدراوی هەتا هەتایە و سزای توند.

- سەرجەم ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.

-گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ماڵەکانیان، لەگەڵ ئازادیی جوڵە و هاتوچۆیان لە کەرتی غەززە.

-ڕۆژانە 8 بۆ 10 کاتژمێر، نابێت هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا بسوڕێتەوە.

-نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکان و تیمی تەندروستی گەڕۆکیش دابین بکرێت لەگەڵ تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری لە کەرتی غەززە.

-قۆناغی یەکەم بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 33 زیندانی ئیسرائیلی کە هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیشیان مردوون، ئەمەش لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دانووستانەکە  66 زیندانی دیکە کە ماونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.

-لە ڕۆژی حەوتەمدا ئاوارەکانی باشووری غەززە بەبێ پشکنین دەگەڕێنەوە باکوور، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە شەقامی ڕەشیدەوە دەکشێتەوە بۆ بەرەی نەتزەریم، خەڵکی غەززەش ئازادی هاتوچۆیان دەبێت لە باکوور و باشووری غەززە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشیدەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

بایدن: حەماس هیچ چارەی دیکەی نەبوو جگە لە ڕێککەوتن

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەو شەڕەی لە غەززە هەبوو دەوەستێنرێت و بەمزووانە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەم ئاگربەستە بە گەرمی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنی ئاگربەست بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە غەززە، هاوکات بەشێک لە بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، شانازی دەکەم ئەمەریکییەکان بەشێکن لەم ڕێککەوتنە.

هاوکات دەڵێت: ئیسرائیلیش هەزاران زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات و دەتوانن ئەوانیش بگەڕێنەوە ماڵەوە، هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەززە دەست پێدەکەن، لە ماوەی شەش هەفتەدا ئیسرائیل دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

باسی لەوە کرد، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕەکەیە، ئەگەر دانوستان زیاتر لە شەش هەفتە بخایەنێت ئەوا ئاگربەست هەر بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: هەر لە قۆناغی دووەمدا ئاڵۆگۆڕی نێوان بارمتەکان دەکرێن، هەموو هێزەکانی ئیسرائیلیش لە تەواوی غەززە دەکشێنەوە.

باسی لە قۆناغی سێیەمی ئاگربەستەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناغەکەدا هەر بارمەتەیک کە کوژراوە تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەکانیان و، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە دادەڕێژرێت.

لەبارەی حەماسەوە، بایدن دەڵێت: چەندین سەرکردە و چەکداریان کوژراون و بناغە سەربازییەکانیان وێران کراون، حەماس هیچ چارەی دیکەی نەبوو جگە لە ڕێککەوتن. جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەم ڕێککەوتنە خەڵکی غەززە دەتوانن دووبارە خۆیان بنیادبنێنەوە.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل،  بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، دەستی بە بۆردومان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کرد لە غەززە، جگە لە کوشتنی هەزارەها هاووڵاتی سڤیل لە کەرتەکە، ژمارەیەک سەرکردەی دیاری حەماسیشی کوشت.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند،  بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە  46 هەزار و 707 هاووڵاتی سڤیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە،  جگە لە 110 هەزار و 265 بریندار، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە، سەرباری وێرانبوونی کەرتی غەززەش کە بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.