هەولێر.. ئەو زەوییانەی کە سەوزە تێیدا بە ئاوی پیس ئاو دەدرێن تێکدەدرێن
هەڵمەتێکی فراوان بۆ تێكدان و لەناوبردنی ئەو زەویانە دەستی پێکردووە کە سەوزەیان تێدا چاندووە و بە ئاوی پیس ئاو دراوە، لە هەڵمەتەکەدا 100 دۆنم زەوی پاک کرایەوە و زیاتر لە 900 دۆنم زەوی دیکە ماوە پاک بکرێتەوە.
هەڵمەتیکی گەورە لە سنووری پارێزگای هەولێر، بۆ تێکدان و لەناوبردنی ئەو زەوییانە دەستی پێکرد کە سەوزە تێیدا بە ئاوی پیس ئاو دەدرێت دەستی پێکرد، لە هەڵمەتەکەدا بەرێوبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر، شارەوانی، قایمقامییەت، ئاسایش، پۆلیس و تەندروستی بەشدارن.
هێمن سەید موراد، بەرێوبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: ئەم زەوییانەی کە تێکدراون مافی هیچ کەسێکی لەسەر نییە، ئەو خەڵکانەشی کە کاری کشتوکاڵی لەسەر دەکەن جووتیار نین و سەوزەکان بە ئاوی قورس ئاو دەدەن.
لای خۆیەوە ئەمجەد بەهجەت، هاووڵاتی، گوتی: زەرەرمەندی دەستی ئەو بەناو جووتیارانەم کە سەوزە دەچێنن و بە ئاوی پیسی نێو ماڵان ئاوی دەدەن، من خاوەنی زەوییەکەم و تاپۆیە ، بەڵام بەناو جووتیارەکان نەیان دەهێشت خانووی لەسەر دروست بکەم.
بە گوێرەی ئاماری کشتوکاڵی هەولێر نزیکەی 1000 دۆنم زەوی هەیە کە بە ئاوی پیس و قورس ئاو دەدرێت، هەروەها لە هەڵمەتەکەدا زیاتر لە 100 دۆنم زەوی بە تەواویی پاک کرایەوە و هەڵمەتەکەش بەردەوام دەبێت.
د. ئیسماعیل شاهۆ، بەڕێوەبەری بەشی چاودێری و تەندروستی خۆراک، دەڵێت: ئەو ئاوەی سەوزەکانی پێ ئاو دەدرێت پڕە لە ڤایرۆس و بەکتریا، کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە کۆلێرا.
لە هەڵمەتەکەدا تەواوی ئەو ئامێر و سۆندە و مەرەشانە لەناو بران کە ئاوی پیسیان لە کەندەکەوە دەگواستەوە سەر زەوییەکان و ئاویان پێ دەدان.