هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت وەڵامی سووننەکان دەداتەوە

هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت وەڵامی سووننەکان دەداتەوە و دەڵێت: ڕژدین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەت.
هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی سەرکردە سووننەکانی دایەوە و ڕایگەیاند؛ جەخت لە پابەندیی و ڕژدیی خۆمان لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەت دەکەینەوە و لە ماوەی دیاریکراودا هەموو خاڵەکان بەجێ دەگەیەنرێن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستا 76%ـی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ کراوە و تاوەکوو کۆتایی ئەم خولەی پەرلەمان و حکوومەت لە کارکردن بەردەوام دەبین.
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت جەختی لەوەیش کردووەتەوە، داواکاریی سووننەکان بەپێی دەستوور و یاسا لە جێبەجێکردندان و داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی پەرلەمانی هاوپەیمانێتییەکەش دەکەن بەرپرسیارییەیی لایەنی یاسادانان هەڵگرن.