ماکرۆن: دەبێت سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان بکشێتەوە

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، پشتیوانیی لە بونیادنانی سوپای لوبنان و جێگیرکردنی لە باشووری ئەو وڵاتە دەکەین.

هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا لەگەڵ جۆزیف عۆن، سەرۆک کۆماری نوێی وڵاتەکە کۆبووەوە.

دوای کۆبوونەوەکە ماکرۆن لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا و ئاماژەی بەوە دا، کە لوبنان لەسەر ڕێگە ڕاستەکەیە لەگەڵ جۆزێف عۆن، هاوکات پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بونیادنانی سوپای لوبنان و جێگیرکردنی لە باشووری ئەو وڵاتە دووپات کردەوە.

گوتیشی: دەبێت سوپای ئیسرائیل بە تەواوی لە لوبنان بکشێتەوە و پێویستە چەک تەنیا لە دەستی سوپای لوبنان بێت.

لای خۆیەوە جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری نوێی لوبنان ڕایگەیاند: متمانەی گەلی لوبنان بە دەوڵەتەکەیان گەڕاوەتەوە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، هەروەها هەوڵ دەدات متمانەی جیهان بۆ لوبنان بگەڕێنێتەوە.

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی نێوان سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆکی  نوێی لوبنان

ماکرۆن لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی بۆ دۆخی لە لوبنان دەدا کە لە قەیرانە یەک لە دوای یەکەکاندا نوقم ببوو. هەروەها دوای تەقینەوەی بەندەری بەیرووت لە 4ـی ئابی 2020، سەرۆکی فەرەنسا دووجار سەردانی وڵاتەکەی کردووە.

هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کاتژمێر 6:45 بەرەبەیان گەشتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان.

کۆشکی ئەلیزێ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دابوو، مەبەستی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ پشتیوانی لە جۆزێف عۆن، سەرۆکی نوێ لوبنان و نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوە بۆ چەسپاندنی سەروەری لوبنان، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی و پاراستنی یەکگرتوویی وڵاتەکەیە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی ڕابردوو 10ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە جۆزێف عۆن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی لوبنان کرد.