وەزارەتی کارەبا: بەهۆی کەمی پەستانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر 750 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە

وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کەمبووتەوە، کە ئەمەش وای کردووە 750 مێگاوات کارەبا کەمبێتەوە.
17ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت: لە چوارچێوەی پەرەپێدانی كێڵگەی كۆرمۆر بۆ بەرهەمهێنانی غاز، بۆ ماوەی 10 كاتژمێر پەستانی غاز كەمبووەتەوە و بەهۆیەوە 750 مێگاوات كارەبا كەمبووەتەوە. هەروەها بەهۆی هەندێک گرفتی تەکنیکییەوە کارەکان دواکەوتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ئەو پلانەی كۆمپانیای دانەغاز دایناوە بڕیارە تا كاتژمێر (8:00)ی بەیانی رۆژی شەممە دۆخەكە ئاسایی بێتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بڕی 250 مێگاوات كارەبایان لە هەردوو وێستگەی دووکان و دەربەندیخان زیاد كردووە.