یونیسێف: بە درێژایی 14 مانگ، ڕۆژانە 35 منداڵ لە کەرتی غەززە کوژراون

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' ڕایگەیاند، ڕۆژانە 35 منداڵ لە کەرتی غەززە بە دەستی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون.

جەیمس ئیڵدر، گوتەبێژی یونیسێف، لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا لە جنێڤ ڕایگەیاند، "بە گوێرەی ئامارەکانی پزیشکی، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە تاوەکوو ئێستا 15 هەزار منداڵ کوژراون."

ئاماژەی بەوەش کرد، "بە درێژایی 14 مانگ، ڕۆژانە 35 منداڵ کوژراون."

هەروەها ئاژانسی ئۆنروا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، "مانگانە نزیکەی 475 منداڵ یان  ڕۆژانە 15 منداڵ، بەهۆی بەکارهێنانی ئەو چەکانەی ئیسرائیل لە ساڵی 2024 لە کەرتی غەززە بەکاری هێناوە، دەبنە خاوەن پێداویستی تایبەت."  

یونیسێف ئاماژەی بەوەش کردووە، "تەنیا لە هەفتەی یەکەمی ساڵی 2025، لانی کەم 74 منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون."

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتەی دەستی چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی ناوەندیی ئاماری فەڵەستین، لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل تاوەکوو 15ـی ئەم مانگە 47 هەزار 559 فەڵەستینی لە کەرتی غەززە کوژران و 116 هەزار و 965 کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها دوو ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 18 هەزار و 700 کەسیش دەستگیرکراون.

بەهۆی شەڕ و پێکدادان و بۆمبارانەکانیشەوە 170 هەزار و 812 باڵەخانە و خانوو وێران بوون.