ڕوانگەی سووری: فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دەوروبەری بەنداوی تشرینیان بۆردومان کرد

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و ژمارەیەک گوندی نزیک لە کۆبانیان بۆردومان کرد.
شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندەکانی تینە و جەعدەیان لە باشووری کۆبانێ کردووەتە ئامانج.
لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بڵاوی کردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرین و ژمارەیەک گوندی نزیک لە کۆبانیان بۆردومان کردووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژماەرەیک هاووڵاتی سڤیل.
ماوەی زیاتر لە مانگێکە تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریا هێرشی چڕیان بۆ سەر ئەو ناوچانە دەست پێکردووە کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون لە نزیک مەنبەج، لەوانە بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک.
لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی خۆسەر داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە هەموو هەوڵێک بدات و تورکیا ڕازی بکات تا هێرشی سەر بەنداوی تیشرین ڕابگرێت، هاوکات هۆشداریشی دا لە ئەگەری داڕمانی پێکهاتەی بەنداوەکە.