هیومان رایتس وۆچ هۆشداریی له‌ زیادبوونی له‌سێدارەدان له‌ عێراق ده‌دات

رێکخراوێکی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ، هۆشداریی لە هەڵکشانی لەسێدارەدان لە عێراق دەدات و ستایشی هەرێمی کوردستانیش دەکات، کە سزاکە جێبەجێ ناکات. 

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، لە دوایین  ڕاپۆرتی خۆی ئاشکرای کرد، لەسێدارەدان لە عێراق لە ساڵی 2024 بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە، هەروەها دەسەڵاتداران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ پارێزەران یان ئەندامانی خێزان و سەرەڕای بوونی ڕاپۆرتی ئازار و ئەشکەنجەدان بەر لە لەسێدارەدان، ئەو رێکارەیان بۆ زیندانییان ئەنجام داوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، لە  2023ـدا، لە عێراق 13 کەس بەیەکەوە لەسێدارە دراون، ئەوەش بە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ هەژمار دەکرێت، هەروەها لە ساڵی 2024 چەندین جار لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ئەنجام دراوە.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە ستایشی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەوەی لە کۆی 466 کەس کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، تا ئێستا هەرێمەکە سزاکەی جێبەجێ نەکردووە.

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، ئەم هەوڵەی بە ئەرێنی لە قەڵەم داوە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوای ساڵی 2008 سزای لە سێدارەدانی ڕاگرتووە و جێبەجێی ناکات.