هەموو شتێک لەبارەی ئاگربەستی غەززە

کەرتی غەززە
کەرتی غەززە

بڕیارە سبەینێ ئاگربەستی غەززە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هاوکات سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دەڵێن: بە ئازادکردن و گەڕانەوەی بارمتەکانی ئیسرائیل لە دەستی حەماس، جەنگ کۆتایی دێت.

شەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەگەر بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان ئەوە جەنگ لە کەرتی غەززە کۆتایی دێت.

هاوکات وەزارەتەکە دەڵێت: بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، باجێکی زۆر قورسیان داوە، هەر لەبەر ئەوەیە پێویستە کۆتایی بە حوکمی حەماس لە کەرتی غەززەدا بێت.

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

ناتانیاهۆ: تا ئێستا حەماس لیستی بارمتەکانی ڕادەست نەکردووین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، ڕێگە بە هیچ پێشێلکارییەکی ئاگربەستی غەززە نادەین، هەروەها ئاگربەستەکە جێبەجێ ناکرێت تا حەماس ناوی بارمتەکان ئاشکرا نەکات.

هاوکات گوتی: بزووتنەوەی حەماس بەرپرسیارییەتی پێشێلکردنی ئاگربەست لە ئەستۆ دەگرێت، هەروەها تەواوی بەڵێنەکانی جەنگ جێبەجێ دەکەین و پاشەکشە لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی جەنگ ناکەین.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، سەرەنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، حەماس ئیدی ناتوانێت چەک بۆ غەززە بگوازێتەوە، هەروەها گۆڕانکارییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردووە. باسی لەوە کرد، دەستکەوتی زۆریان لە شەڕی غەززە بەدەست هێناوە و گەڕانەوەی بارمتەکان کارێکی گرنگ و پیرۆزە.

ناتانیاهۆ، گوتیشی: ئیسرائیل مافی خۆیەتی ئەگەر پێویست بکات شەڕ لە کەرتی غەززە دەست پێبکاتەوە بە پشتیوانیی ئەمەریکا.

حەماس: ئیسرائیل لە ئامانجەکەی سەرکەوتوو نەبوو

بزووتنەوەی حەماس ڕۆژێک بەر لە جێبەجێ کردنی ئاگربەستی غەززە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: ئیسرائیل لە ئامانجەکەی سەرکەوتوو نەبوو، تەنیا لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ سەرکەوتوو بووە.

 ئاماژەشی داوە، "ئیسرائیل تەنیا لە جێبەجێ کردنی تاوانی جەنگ و بێرێزی کردن بە بەهای مرۆڤایەتی سەرەکەوتوو بووە." 

بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، ئاگربەستی شەڕ لە کەرتی غەززە جێبەجێ بکرێت و لە یەکەم قۆناغیشدا 33 بارمتەی دەست چەکدارانی حەماس بەرانبەر بە ئازادکردنی 737 زیندانی فەڵەستینی ئاڵوگۆڕ بکرێن.

کۆبوونەوەی کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل

کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی پەسەند کرد

هەینی 17ـی کانوونی دووەمی 2025، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ناتانیاهۆ، بۆ مەبەستی دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکانی لەگەڵ حەماس پەسەند کرد لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، دوای بەدواداچوون بۆ هەموو لایەنە سیاسی، ئەمنی و مرۆییەکان و جەختکردنەوە لەوەی ڕێککەوتنەکە پشتیوانی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی جەنگەکە دەکات.

لە کۆبوونەی کابینەی ئەمنیدا، ئیتامار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگیدا و داوای لە وەزیرانی حکوومەتیش کرد لە دژی ڕێککەوتنەکە دەنگ بدەن و ڕایگەیاند، هێشتا زۆر درەنگ نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێککەوتنەکە بکەن.

چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، دوای 15 مانگ لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بە نێوەندگیری ئەمەریکا، قەتەر و میسر راگەیەندرا.

ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە

-کشانەوەی تەواوەتی سوپای ئیسرائیل بەرەو سنوور لە تەواوی ناوچەکانی کەرتی غەززە.

-کردنەوەی دەروازەی ڕەفەح و کشانەوەی تەواو لە دەروازەکە.

-بریندارەکان بۆ چارەسەری بگوازرێنەوە دەرەوەی وڵات.

-ڕۆژانە 600 بارهەڵگری یارمەتی مرۆیی کە قەتەر سەرپەرشتی دەکات، بگاتە نێو غەززە.

-200 چادرو 60 هەزار بارهەڵگر بۆ بەهاناوەچوونی بەپەلە بگەیندرێنە غەززە.

-گۆڕینەوەی دیلەکان و ئازادکردنی 1000 دیل لە کەرتی غەززە، لەگەڵ سەدان بەندکراو و حومکدراوی هەتا هەتایە و سزای توند.

- سەرجەم ئافرەت و منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.

-گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان و ماڵەکانیان، لەگەڵ ئازادیی جوڵە و هاتوچۆیان لە کەرتی غەززە.

-ڕۆژانە 8 بۆ 10 کاتژمێر، نابێت هیچ فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی کەرتی غەززەدا بسوڕێتەوە.

-نۆژەنکردنەوەی تەواوی نەخۆشخانەکان و تیمی تەندروستی گەڕۆکیش دابین بکرێت لەگەڵ تیمی پزیشکی و نەشتەرگەری لە کەرتی غەززە.

-قۆناغی یەکەم بۆ ماوەی 6 هەفتە بەردەوام دەبێت، لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 33 زیندانی ئیسرائیلی کە هەندێکیان لە ژیاندان و هەندێکیشیان مردوون، ئەمەش لە قۆناغی دووەم و سێیەمی دانووستانەکە  66 زیندانی دیکە کە ماونەتەوە کە لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن.

-لە ڕۆژی حەوتەمدا ئاوارەکانی باشووری غەززە بەبێ پشکنین دەگەڕێنەوە باکوور، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە شەقامی ڕەشیدەوە دەکشێتەوە بۆ بەرەی نەتزەریم، خەڵکی غەززەش ئازادی هاتوچۆیان دەبێت لە باکوور و باشووری غەززە لە ڕێگەی شەقامی ڕەشیدەوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

بایدن: حەماس هیچ چارەی دیکەی نەبوو جگە لە ڕێککەوتن

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەو شەڕەی لە غەززە هەبوو دەوەستێنرێت و بەمزووانە بارمتەکان ئازاد دەکرێن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، ئەم ئاگربەستە بە گەرمی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پێشوازیی لێ کرا.

سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنی ئاگربەست بە سێ قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم؛ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلە لە غەززە، هاوکات بەشێک لە بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد دەکرێن، شانازی دەکەم ئەمەریکییەکان بەشێکن لەم ڕێککەوتنە.

هاوکات دەڵێت: ئیسرائیلیش هەزاران زیندانی فەڵەستینی ئازاد دەکات و دەتوانن ئەوانیش بگەڕێنەوە ماڵەوە، هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ غەززە دەست پێدەکەن، لە ماوەی شەش هەفتەدا ئیسرائیل دەست بە دانوستان دەکات بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

باسی لەوە کرد، قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهێنانی هەمیشەیی شەڕەکەیە، ئەگەر دانوستان زیاتر لە شەش هەفتە بخایەنێت ئەوا ئاگربەست هەر بەردەوام دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا، گوتیشی: هەر لە قۆناغی دووەمدا ئاڵۆگۆڕی نێوان بارمتەکان دەکرێن، هەموو هێزەکانی ئیسرائیلیش لە تەواوی غەززە دەکشێنەوە.

باسی لە قۆناغی سێیەمی ئاگربەستەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، لە قۆناغەکەدا هەر بارمەتەیک کە کوژراوە تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە بۆ خێزانەکانیان و، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە دادەڕێژرێت.

لەبارەی حەماسەوە، بایدن دەڵێت: چەندین سەرکردە و چەکداریان کوژراون و بناغە سەربازییەکانیان وێران کراون، حەماس هیچ چارەی دیکەی نەبوو جگە لە ڕێککەوتن. جەختی لەوەش کردەوە، بەهۆی ئەم ڕێککەوتنە خەڵکی غەززە دەتوانن دووبارە خۆیان بنیادبنێنەوە.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل، بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، دەستی بە بۆردومان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی کرد لە غەززە، جگە لە کوشتنی هەزارەها هاووڵاتی سڤیل لە کەرتەکە، ژمارەیەک سەرکردەی دیاری حەماسیشی کوشت.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە  46 هەزار هاووڵاتی سڤیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە،  جگە لەوەی زیاتر لە 110 هەزار بریندار، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە، سەرباری وێرانبوونی کەرتی غەززەش کە بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.