بەڕێوبەری شارەدێی گوێر: 41 پاڵاوگەی "پێلەقە"مان داخستووە

لە سنووری پارێزگای هەولێر بەدواداچوون بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوامە و بەڕێوەبەری شارەدێی گوێری دەڵێت :" 41 پاڵاوگەی "پێلەقە"مان داخستووە و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ژینگەش دەڵێت: "هیچ مەرجێكی پاراستنی ژینگەیی لە پاڵاوگەکاندا نییە".

مەسعود نووری، بەڕێوبەری شارەدێی گوێر دەڵێت: لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکمان دەست پێکردووە و هەر کەسێک پابەندی ڕینماییەکانی پاک ڕاگرتنی ژینگەی کوردستان نەبێت، ڕووبەڕووی یاسا و لێپرسینەوەی دەکەین. گوتییشی: تاوەکوو سێ پاڵاوگەمان داخستووە کە لە دەرەوەی ڕێنماییەکان کاریان کردبوو.

ڕاشیگەیاند، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، مانگێکە بە چڕی بەدواداچوون دەکەین، لەم ماوەی ڕابردووشدا 41 پاڵاوگەی دووەم، کە بە "پاڵاوگەی پێڵەقە" ناسراون، داخستووە و دەست بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گیراوە.

مەسعود نووری گوتیشی: هەر پاڵاوگەیەک یەکجار ئاگەدار دەکرێتەوە، ئەگەر پابەند نەبوو، ئەوە دەستبەجێ دادەخرێت، تاوەکوو ئێستاش نزیکەی 10 پاڵاوگە دراوەنەتە دادگا.

بەڕێوبەری شارەدێی گوێر ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ژینگەی هەولێر هۆشداریمان داوتە پاڵاوگەکان، بۆ ئەوەی پاشماوەکانیان، وەکوو نەوت و کەلوپەلی دیکە فڕێنەدەنە ناو ژینگە، دەبێت لە ناوخۆی پاڵاوگە بەشێوەیەکی زانستیانە چارەی بکەن.

لەلایەن خۆیەوە ئیبراهیم ناسیح، لە لیژنەی پشکنین و چاودێری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی:"بە گوێرەی ستانداردی جیهانی مۆڵەتی ژینگە دەدەینە پاڵاوگەکان، بەڵام هیچ مەرجێكی پاراستنی ژینگەیی لە پاڵاوگەکاندا نییە و هۆکارن بۆ پیسبوونی خاک، ئاو و هەوای هەولێر"

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەڵمەتی پاککردنەوەی ژینگەی هەولێر بە چەند قۆناغێک دەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا سەردانی کارگەکانی ئاسنیان کرد، لە قۆناغی دووەم سەردانی زەوییە کوشتوکالەکانیا کرد کە بە ئاوی پسی ئاو دەدرێن، تەوکوو ئێستا نزیکەی 100 دۆنم لە ناو براوەن، قۆناغی سێییەمیش سەردانی پاڵاوگەکانیان کردووە.

ئەمە لەکاتێکداییە، ڕۆژی یەکشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە:

یەکەم: لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک ، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دووەم: ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندروستی هەیە.هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.

سێیەم: دەبێ خاوەنی مووەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم: ڕێگریی لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکار دەهێنرێت .

 
 
 
Fly Erbil Advertisment