نەهرۆ ڕواندزی: هەمووارکردنەوەی ماددەی 12 لە بەرژەوەندیی عێراق و کوردستانە

نەهرۆ ڕواندزی
نەهرۆ ڕواندزی

جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کێشەیەک لەبەردەم دەنگدان بە پرۆژە یاسای هەموواری بوودجە نەماوە و هەر دانیشتنێکی ئایندەی پەرلەمان، دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە دەدرێت کە ماددەی 12ـی پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، نەهرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لێژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەپێی کۆبوونەوەکانی لێژنەکانی نەوت و دارایی، هیچ کێشەیەک نییە بۆ هەموواری یاسای بوودجەی 2023،2024،2025، هەندێ لایەنی شیعی کە ئێستا لە کۆتایی ئەو خولەی پەرلەمانین، دەیانەوێت چەند بەندێک بگۆڕن لە یاسای بوودجە، ئەمەش وەک هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێشووەختە کە دەیانەوێت لە ڕێگەیەوە دەنگ کۆ بکەنەوە، بۆیە باس لەوە دەکەن کە دەیانەوێت دەرگای دامەزراندن بکەنەوە، لەگەڵ بابەتی پترۆدۆلار بۆ ئەو پارێزگایانەی کە نەوتیان لێ دەردەهێندرێت و شایستەکانیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرج نەکراوە، دەڵێن: دەیانەوێت ئەوە لەسەر وەزیری دارایی فەرز بکەن کە شایستەی ئەو پارێزگایانە بدات.

نەهرۆ ڕواندزی دەڵێت: لایەنەکانی پەرلەمانی عێراق تێگەیشتوون لەوەی هەمووارکردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای بوودجە لە بەرژەوەندیی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

دەشڵێت: لایەنە شیعییەکانی فراکسیۆنی لێژنەی نەوت و گاز دەڵێن: ئێمە دژی هەمووارکردنەوەی یاسای بوودجە نین، چونکە ئەو پرۆژە یاسایە کە پەیوەستە بە ماددەی 12 لە پرۆژە یاسای بوودجە، کاریگەریی هەیە لە کەمکردنەوەی کورتهێنانی بوودجەی عێراق کە بە 12 ترلیۆن دینارە ئەگەر دەنگی لەسەر بدرێت، هەموو لایەنەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن.

نەهرۆ ڕواندزی دەڵێت: هەر کۆبوونەوەیەکی دیکەی پەرلەمان بکرێت  لەسەر هەر بابەتێک، پێویستە یەکەم بابەت دەنگدان بێت لەسەر پرۆژە یاسای هەمووارکردنەوەی یاسای بوودجە.

گوتی: بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کاریگەریی دەبێت لە چارەسەریی بوودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان.