ڤیان سەبری: هەندێ لایەنی شیعی داوای هەموواری ماددەی 14 دەکەن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: لایەنە شیعییەکانی پەرلەمانی عێراق داوا دەکەن، ماددەی 14 وەک ماددەی 12 لە یاسای بوودجە، هەمووار بکرێتەوە.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەندێ لایەنی شیعی نەیانهێشت بە تەنها هەموواری ماددەی 12ـی یاسای بوودجە بکرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کە پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دەڵێت: لایەنە شیعییەکان گوتیان نابێت تەنها ماددەیەک تایبەت بە کورد هەمووار بکرێتەوە، پێویستە هەموواری ماددەی 14ش بکرێت کە پەیوەستە بە شایستەی ئەو پارێزگایانەی نەوتیان لێ دەردەهێندرێت لە عێراقدا.
ڤیان سەبری دەڵێت: ئەو کێشەیەی ئەوان باسی دەکەن، پەیوەستە بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق کە جێبەجێی ناکات، نەوەک ئەو ماددەیەی پەیوەستە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆبووەوە، کارنامەی کۆبوونەوەکە لە هەشت بڕگە پێکهاتبوو، بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی.