وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' بڵاوی کردووتەوە، پێشوازی لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە، گفتوگۆی نێوان کوردەکان دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە پتەوکردنی پرۆسەی سیاسی لە سووریادا بگێڕێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

بارەگای بارزانی ناوەرۆکی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە. لە دیدارەکەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها  چوارچێوەی  گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.

لایخۆشیەو، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە بارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگەی خۆشحاڵی بوو".

هەروەها ئاراس شێخ جەنگی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی" گەورەیی کاک مەسعود ئەمڕۆ دەردەکەوێ، سەردانی مەزڵووم بۆ لای کاک مەسعود دڵخۆشکەرە بۆ هەموو کورد، ئیتر کاتی ئەوەیە کاک مەسعود ببێت بە برا گەورە بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد".

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دیدارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ پرسی کورد زۆر گرنگە.

کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی دیدارەکەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر، ڕایگەیاند "دیدارەکە بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد، زۆر گرنگ بوو."