جووتیارەکەی سنووری سەرگەڕان لەسەر داوای شاخەوان عەبدوڵڵا بە کەفالەت ئازاد کرا

دوێنی یەکشەممە، جووتیارێکی سنوور سەرگەڕان بەناوی (دەشتی ئاغا) لەسەر سکاڵایەکی عەرەبی هاوردە دەستگیرکرا، بەڵام ئەمڕۆ بەکەفالەت ئازادکرا.
دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دەشتی ئاغا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سێیەم ساڵە عەرەبێکی هاوردە، بە ستەم سکاڵام لەسەر تۆماردەکات، کە گوایە من زەویەکەی ئەوم داگیر کردووە و هەموو ساڵێک تۆو دەکەم بەڵام وانیە."
گوتیشی "ئەو زەویە میراتی باب و پایرانمە، بەڵام ئەو بەستەم سکاڵای لەسەر من تۆمار کردووە، جگە لەوەش شاهێدحاڵێکی هێناوە کە شاهێدەکە بەدرۆ سوێندی خواردووە، ئەمەش لەکاتێکدا بووە سوپای عێراق چواردەوری ماڵەکەمی گەماڕۆ داوە و ناهێڵێت هیچ جموجۆڵیکی کشتوکاڵی بکەم."
باسی لەوەش کرد، "من لەلایەن دادوەر داوا کرام و چوم بەرگریم لەخۆم کرد، بەڵام دەستبەسەری کرد، دواتر شاخەوان عەبدولڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەباتەکەی زانی و پەیوەندی بە دادوەرەکە کرد و بەکەفالەت ئازاد کرام."
یەکشەممە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد ئیسماعیل نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، دەشتی ئاغا کە جووتیارێکی سنووری سەرگەڕانە بەفەرمانی دادگای دووز دەستگیر کرا.
گوتیشی: کشتوکاڵی کەرکووک زانیاریی هەڵەی داوەتە دادگای دبس و بەو هۆیەوە دەسگیر کراوە، ئەوانەی لە کشتوکاڵی کەرکووکن شۆڤێنین و نووسراوەکان لە بەرژەوەندی عەرەبە هاوردەکان دەکەن."
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئەوەشی گوت: سوپای عێراق ناهێڵن جووتیاران لەو پێنج گوندە کار بکەن، کە گوندەکانی (شەناغە، سەربەشاخ، خەرابە، گابەڵەکە و پەڵکانەیە،) ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای عێراق وادەزانێت گوندەکانمان پڕ لەداعشە، ئێمەی بەهەمەڕ و ئۆتۆمبێلی سەربازی گەماڕۆ داوە، ئەوان گوێ بە نووراویئ پارێزگاری کەرکووکیش نادەن."
سوپای عێراق چەندی ساڵە ڕێگریی لە جووتیارانی کوردی سنووری کەرکووک دەکات و ناهێڵێت زەوییەکانیان تۆو بکەن.