هێمن لهۆنی: تێڕوانینی سەرۆک وەزیرانە سەرمایەداران ببنە بەشێک لە بڕیاری سیاسی
بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان ڕایدەگەیەنێت: تێڕوانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس ئەوەیە، سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانی کوردستان ببنە بەشێک لە پرۆسە و بڕیاری سیاسی، چونکە پیشتر تەنها سیاسییەکان لە کۆڕبەندەکان بەشدارییان دەکرد.
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس گوتی: وەکو ساڵی پار ژمارەیەک وەبەرهێنەر و سەرمایەداری کوردستان یاوەری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەبن بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان، ئەوانیش بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری هێمن گرووپ، کار گرووپ، هیوا هۆڵدینگ، قەیوان، کۆڵەک، ئیمپایەر، ساوس کوردستان، گەلیاوە و دارین گرووپ ، دەچ فلەوەر، ئێم جەی هۆڵدینگن.
هێمن لهۆنی ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس چەندین دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان دەبێت، دەشڵێت: ئەمساڵ لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس کۆمەڵێک چالاکی بەڕێوەدەچێت و سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی چەندین کۆبوونەوەی لە ماڵی کوردستان دەبێت.
بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی دووەمدا وەکو هەموو وڵاتانی جیهان، هەرێمی کوردستان ماڵی خۆی لە داڤۆس دەبێت، وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی کوردستان چالاکییان لە ماڵی کوردستان دەبێت جگەلە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهان، دەرفەتی گەورەی وەبەرهێنان دەقۆزنەوە لە کاتێکدا نزیکەی 3 هەزار کەس لە گوندی داڤۆس بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، دەڵێت: چەندین دەرفەتی گەورەی جیهانی وەبەرهێنان هەیە و نزیکەی 60 سەرۆکی وڵاتان ئامادە دەبن و باس لە داهاتوو دەکەن لەگەڵ ئەو ئالەنگارییانەی ڕووبەڕووی جیهان دەبنەوە.
هێمن لهۆنی دەڵێت: لە کۆڕبەندی ئەمساڵی کۆڕبەندی ئابووری جیهاندا کە جیهان ڕووە و گۆڕانکاریی گەورەیە، باس لە ئالەنگارییەکانی ژیری دەستکرد دەکرێت کە چۆن بتوانرێت هەماهەنگی لەنێوان حکوومەت و کۆمپانیاکان دروست بکرێت، ئێمەش وەکو ماڵی کوردستان لە داڤۆس لە چەند پانێلێکدا تیشک دەخەینە سەر ژیری دەستکرد و پرسی وەبەرهێنان و ئەو ئالەنگارییانەی ڕووبەڕووی ئابووری جیهان دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی چۆن بتوانین وەبەرهێنەرانی جیهان بانگهێشت بکەین بۆ پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان.
هێمن لهۆنی دەڵێت: تێڕوانینی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئەوەیە وەبەرهێنەرانی کوردستان ببنە بەشێک لە پرۆسە و بڕیاری سیاسی، لەماوەی داهاتووشدا وەبەرهێنەران و سەرمایەداران زیاتر بەشداری کۆڕبەندەکانی جیهان دەکەن.
دەشڵێت: لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن دێنە ماڵی کوردستان لە داڤوس.
ئەمڕۆ دووشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2025، بەبەشداری مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا بەڕێوەدەچێت.