ڕێگەی زینی وەرتێ کرایەوە

بەهۆی بەفربارینی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێگەی زینی وەرتێ داخرابوو، بەڵام کەمێک لەمەوبەر کرایەوە.

دووشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2025، شۆڕش حەسەن، بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتی: بەهۆی بەفربارینه‌وه‌، ڕێگەی زینی وەرتێ، چەند کاتژمێرێک داخرا، بەڵام دوای پاککردنەوەی لەلایەن تیمەکانی رێگاوبانی سۆرانەوە، بەڕووی شۆفێران دا، کرایەوە.

بەڕێوەبەری شارەدێی وەرتێ، گوتیشی: ڕێگاکە لۆف و پێچی زۆرە و لە وەرزی زستاندا زوو دەبێتە بەستەڵەک و گرفت بۆ شۆفێران دروست دەکات.

ڕێگەی زینی وەرتێ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین پێکەوە دەبەستێتەوە، ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ بازرگانی و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگر پێیدا هاتووچۆ دەکەن.