هەرێمی کوردستان بەشداری لە خولی گشتگیری ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکات

بڕیار وایە لە 25 تاوهكوو 31ـی كانوونی دووەمی 2025 لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، 48ـهمین خولی پانۆرامای خولی گشتگیری ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ (UPR) بەڕێوە بچێت و تێیدا گفتوگۆی راپۆرتی چوارەمی کۆماری عێراق دەکرێت، لەم گفتوگۆیانەدا کە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی كوردستا لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق بەشداریی تێدا دەکات، نوێنەرانی زیاتر لە سهد وڵات، ئەندامانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەند لە بواری مافەکانی مرۆڤ ئامادە دەبن.
له بارهی بهشداریی حكوومهتی ههرێمی كوردستان لهم گفتوگۆیانەدا، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگهیاند، تيشك دەخرێتە سەر ئەو پێشکەوتن و هەنگاوانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان بەپێی راسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر (UPR) لە هەرێمدا ئەنجام دراون لە بارەی پێوەرەکانی حوکمڕانیی باش و خۆگونجاندن لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە پرۆسەی حوکمڕانیدا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ههروهها گوتی: لە میانی گفتوگۆکان، ڕوونکردنەوە دەربارەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشکەش بە نوێنەرانی وڵاتان، ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکان دەکرێت دەربارەی پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە ماوەی ڕابردوودا و ئاستی پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بەو پرەنسیپانە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە گرنگی پانۆرامای خولی گشتگیر کرد و لەم ڕووەوە ئاماژهی بهوه كرد، پانۆرامای خولی گشتگیر میکانیزمێکی نوێی مافی مرۆڤە کە هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، بەپێی ئەو میکانیزمە هەر وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت ڕاپۆرتێک لەسەر پابەندبوونی خۆی بە مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا پێشکەش بکات کە پێی دەوترێت (ڕاپۆرتی نیشتمانی). لە گفتوگۆکان هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتی وڵاتەکە دەکرێت سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ. لە کۆتایی گفتوگۆکاندا ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاسپاردەی گشتگیر پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام دەکات لە هەموو بوارەکاندا.