قەدەغەی هاتووچۆی تەواو لە هەولێر رادەگەیەنرێتەوە؟
K24 - هەولێر
بەهۆی هەڵکشانی زۆری ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا، داوای کەرەنتینەی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەکرێ، گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێریش دەڵێ "ئیمە بۆ ئەو فەرمانە ئامادەین".
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان دوێنێ (سێشەممە، 23-6-2020) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای کرد بەلایەنی کەمەوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هێواش بکرێتەوە، بۆیە داوای کەرەنتینەی گشتی کرد.
لەمبارەیەوە هێمن قادر، گوتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "ئێمە وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنەکان چاوەڕێی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەبین لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر لە رێگەی وەزارەتی ناوەخۆوە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ درا، ئیمەش پابەند دەبین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە هیچ پێشنیازێکمان نەکردووە بۆ قەدەغەی هاتووچۆ و هیچ فەرمانێکیشمان بۆ نەهاتووە".
هێمن قادر جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر بڕیارمان بۆ هات، ئێمە ئامادەین بە هەمان شێوازی پێشوو رێکارەکانی قەدەغەی هاتووچۆ جێبەجێ بکەین".