دانیشتووانی شارەدێی بنگرد و 57 گوند داوا دەکەن بخرێنە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین

بنگرد سێیەم گەورەترین شارەدێی سەر بە شارۆچکەی دوکانە و چەند ساڵێکە دانیشتووانەکەی لەنێوان خۆیان ڕاپرسیەکیان کردووە و خواستیان ئەوەبووە بچنە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین، بەڵام بەهۆی گرفتی هاتوچۆ لەزێی بچووک و پردی دەربەندی ڕانیە ئەو داواکاریەیان نەجوڵاندووە، ئيستا کە پردی نوێی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە و گرفتی هاتوچۆیان نەماوە، دەیانەوێ بچنە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین چونکە زۆر کارئاسانیان بۆ دەکات.
دروستکردن و بەکارخستنی پردی نوێی دەربەندی ڕانیە، جارێکی تر پرسی گواستنەوەی شارەدێیی بنگرد و 57 گوندی سەر بەو شارەدێیەی لە ڕووی کارگێڕیەوە لەسەر شارۆچکەی دوکانەوە بۆ سەر ئیدارەی ڕاپەڕین گەرم کردووەتەوە، بنگرد لەڕووی کارگيڕیەوە سەر بە شارۆچکەی دوکانە، بەڵام لەڕووی جوگرافیەوە لە ئیدارەی ڕاپەڕین نزیکە ئەوەش خواستی خەڵکەکەی تا سنوورەکەیان بخرێتە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین زیاد کردووە.
محەممەد قادر، نوێنەری دانیشتووانی بنگرد، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە ڕووی کشتوکاڵیەوە، گەنم و دانەوێڵەمان بە هی مەرگە بەناو بانگە، ساڵانە دیان هەزار تۆن گەنممان هەیە، کە هەر تۆنێک گەنم لێرە دەگوازرێتەوە بۆ پیرەمەگروون بڕی تێچووەکەی دەگاتە 45 هەزار دینار، بەڵام کە دەیگوازینەوە بۆ سایلۆی چوار قوڕنە تێچووەکە 10 هەزار دینارە، کە جیاوازییەکەی زۆرە."
گوتیشی: لە ڕووی کارەکانی دیکەوە ئەگەر ئێمە پێویستمان بە ئاگر کوژێنەوەیەک بێت، ئەگەر لە رانیە بێت بە 20 خولەک دەگاتە شێنەکە، بۆیە ئەگەر هەر ئیشێکمان هەبێت ئەبێت بچین بۆ سلێمانی بەڵام ئەگەر لە ڕانیە بێت ئەو کارەکانمان بە ئاسانی ڕایی دەکەین."
چەند ساڵێکە دانیشتووانی بنگرد و گوندەکانی، لەنێوان خۆیان ڕاپرسیان کردووە و داوا دەکەن شارەدێی و گوندەکانی کە سێیەم گەورەترین شارەدێی قەزای دوکانە و دانیشتووانەکەی 10 هەزار کەس دەبێت بخرێنە سەر ئیدارەی ڕاپەرین، بۆ ئەوەش فەرمانی هەرێمی و ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە و تەنها جێبەجێکردنی ماوە.
عەبدولقادر ئەبوبەکر، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین دەڵێت: "پێشتر ئەوانە فەرمانی هەرێمی و ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆیان وەرگرتووە، بۆ گەڕانەوە بۆسەر ئیدارەی ڕاپەرین، بەڵام بەهۆی هەندێک ناکۆکی نێوان گوندەکان بڕیارەکە سڕ کراوە، بەڵام هەر کات خۆیان کۆک بوون و ڕەزامەند بوون، بە نووسراوێکی پارێزگای سلێمانی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت و دەگەڕێنەوە سەر ئیدارەی ڕاپەڕین.
هەڵکەوتەی جوگرافیایی بنگرد وگوندەکانی وەک دانیشتووانەکەی دەڵێن، لەنێوان دوکان و ئیدارەی ڕاپەرین ئەوانی لەقەل و لەکۆتریش کردووە، دانیشتووانی ئەو دەڤەرە کە ساڵانی بەر لە 2007 بە بەلەم و قەیاغ لەزێی بچووک دەپەڕینەوە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، ئێستا بە 15-20 خولەک دەگەنە ڕانیە ئەوەش بۆ خەڵکەکە کارئاسانی زۆری کردووە.