هێزەکانی سووریای دیموکرات و تورکیا بە کوێ دەگەن؟

گفتوگۆ چڕەکانی دیپلۆماسیانی ئەمەریکا و تورکیا و نوێنەرانی دەسەڵاتی نوێی سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە هەفتەکانی ڕابردوو بە کوێ دەگات؟ داوای هەر لایەنێک چییە؟ ئایا بە چارەسەرێکی هاوبەش دەگەن؟
سەرچاوەیەکی ئاگەدار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کۆبوونەوە و گفتوگۆکان لە نێوان لایەنەکان لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەچوون، لایەنەکان زۆرترین نەرمیان نواندووە و دانیان بەخۆیاندا گرتووە، هەروەک لە لێدوانەکانیان ئاماژەیان بۆ کردووە، بەتایبەت کە واشنتن هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بە هاوپەیمانی سەرەکی لە جەنگی دژی داعش دەزانن، لەگەڵ ئەوەی تورکیا ئەو هێزە بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، گفتوگۆکان ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەبارەی ئەوەی مانگی داهاتوو ژمارەیەک لە چەکدارەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ناوچە کێشە لەسەرەکان لە باکووری ڕۆژئاوای، لەکاتێکدا هەندێک لەو هێزانە دەخرێنە ژێر فەرماندەیی وەزارەتی بەرگری سووریای نوێ.
دیارترین کێشەکان
پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و بەتایبەت فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(مەزڵوم عەبدی) بە سووپای سووریای نوێ، وای کردووە کە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەبەرامبەر ئەوەدا پێداگریی دەکات لە ئیدارەی سەربەخۆ، دەشڵێت: ئەوە وێنای ڕووبەڕووبوونەوە نییە بەرامبەر دەسەڵاتی نوێی سووریا کە هەوڵی ئەوە دەدات تەواوی ناوچەکان بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی نوێی سووریا دوای ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا.
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، "هێزەکانی سوریای دیموکرات بەنیازی هەڵوەشاندنەوەی خۆی نیە و لەگەڵ ئەوەشدا کراوەن بۆ ئەوەی بچنە سەر وەزارەتی بەرگریی و بەپێی یاساکان، بەڵکو وەک "یەکەیەکی سەربازی".
لە بەرامبەردا مرهف ئەبو قەسرە، وەزیری ڤەرگریی سووریا ئەو گوتانەی مەزڵوم عەبدی لە دیمانەیەکی لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕەت کردەوە و گوتی: پێشنیازەکە بەو شێوەیەیە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک یەک یەکە و بێ جیاکاری دەبێت، لەگەڵ ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەیەوێت تەواوی چەکدارەکانی ببەستێتەوە بە هێزە فەرمییەکانی سووریا کە لەژێر یەک فەرماندەیدایە.
وەزیری بەرگریی سووریا هێزەکانی سووریای دیموکراتی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیانەوێت کات بەفیڕۆ بدەن و گوتی: تێکەڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکان، مافێکی وڵاتی سووریایە.
پشتیوانی واشنتن پرسەکان یەکلادەکاتەوە
دیپلۆسییەکان و بەرپرسانی تەواوی لایەنەکان پێیان وایە، هێزە کوردییەکان ئاستی پارێزگاری کردنیان لە خۆ بەڕێوەبردن پەیوەستە بە پشتیوانی بەردەوامی واشنتن بۆ هاوپەیمانە کوردییەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ.
لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەشێوەیەکی فەرمی ئاماژەی بە نیازی خۆی نەکردووە، لەبارەی ئەو هەزاران سەربازە ئەمریکییەی لە سووریاش هەن، نوێنەرەکی ترەمپیش هیچ قسەیەکیان لەبارەوە نەکردووە.
هەرچەندە هەر ڕێککەوتنێک پەیوەستە بەوەی ئایا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خۆی بەدوور دەگرێت لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی یەپەگە، ئەو هێزەی پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات؟
بەڵام مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری نوێی دەرەوەی ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە بەزووترین کات لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندیی دەکات بۆ ئەوەی ڕێگریی بکات لەهەر هێرشێک ئەگەر بیەوێت بیکاتە سەر کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، گوتیشی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێویستە بەردەوام بێت لە پشتیوانی کردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کوردی، ئەو هێزەی کە دۆناڵد ترەمپ لە ئیدارەی پشووتری هەوڵی کەمکردنەوەی دابوو.
گفتوگۆ چڕەکان
لەو چوارچێوەیەدا، یەک لە گەورە دیپلۆماسیەکانی ئەمەریکا دەڵێت: بەرپرسانی ئەمەریکا و تورکیا گفتوگۆی چڕ دەکەن هەر لەوەتەی کۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هاتووە لەسەر دەستی هیزەکانی تەحریر شام لە کانوونی یەکەمی 2024.
ئەو دیپلماسییە دەڵێت: ئەو دوو وڵاتە کە مەبەستی ئەمەریکا و تورکیایە، تێڕوانێکی هاوبەشیان هەیە لەبارەی چارەکردنی کێشەکان و بەتایبەت لەبارەی ئەو چەکدارانەی کە خەڵکی سووریا نین و پێویستە وڵاتەکە بەجێبێڵن، بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت بەزووترین کات ئەو پرسە جێبەجێ بکرێت.
دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکە دەڵێت: ئەو کارە ئاسان نییە و کاتێکی زۆری دەوێت.