عەبدولحەکیم خەسرەو: سەقامگیری هەرێمی کوردستان باشترین فاکتەرە بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون دەڵێ: کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس دەرفەتێکە بۆ ئاشنابوون لە ڕەوتی نوێی ئابووری و سیاسەتی نوێی جیهان بۆ گەشەپێدان و شێوازی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ پرسە جیاکانی وەکو ئابووری، تەندروستی و هەژاری و فریاگوزارییە سەرەکییەکان.
عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، دوو لێکدانەوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەتەکان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان دەکات، هەم لەسەر ئاستی عێراق ، هەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: "بەهۆی ناسەقامگیری و قەیرانی سیاسی و هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو عێراقە، وەبەرهێنەرە جیهانییەکان نایانەوێت وەبەرهێنان بکەن یان ئەگەر بشیکەن بە ترسەوە دەیکەن."
عەبدولحەکیم خەسرەو ئاماژەی بەوەشدا، سەردانەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک، وەزیران هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە بۆ گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی وەبەرهێنەرە جیهانییەکانە، لە بەرانبەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە بارەی هۆکاری دووەمی بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، گوتی: "ئەو سەقامگیریە و ئەمنییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە فاکتەرێکی گرنگە بۆ وەبەرهێنان، هەربۆیە لە هەرێمی کوردستان دەرفەت گەلێکی ئابووری هەن کە بەهۆی قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە وەبەرهێنانمان تێیدا نەکردووە، ئەمەش دەرفەتی زیاتر دەرەخسێنێت بۆ کۆمپانیایە بیانییەکان بۆ ئەوە وەبەرهێنان بکەن"
هەرەوها گوتیشی: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک سەرمایەدار و وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیای لەگەڵ خۆی بردووەتە داڤۆس و لەوێ ماڵی کوردستانیان پێکهێناوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمپانیایە بیانییەکان بەهەموو سێکتەرە جیاکانەوە فراوانتر بکەن."
عەبدولحەکیم خەسرەو ئاماژەی بەوەشدا، مەبەستێکی دیکە لە بەشداری کردنی شاندەکە بۆ ناساندنی ئەو دەرفەتانەی لە هەرێمی کورستان هەیە بە جیهانی بناسێنن یان بۆ هێنانی پرۆژەی وەبەرهێنەر جیهانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان، یاخود تاوەکوو سەرمایەدارانی کوردستان بەشداربن لە چاڵاکییە ئابوورییەکانی جیهان بکەن.
باسیشی لەوە کرد، ئەو دەرفەتانەی کۆمپانیاییە جیهانییەکان پێشکەش دەکەن لەگەڵ شاندەکەمان ئەو پەیوەندییە نوێە دروست دەبێت هاوکار دەبێت باشتر پەرە بە سێکتەرکانی خزمەتگوزاری و ئابووری.