نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێت

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، هیوادارە کە ئێران بە یەکجاری بە هەموویان ڕابگەینێت کە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی دەبێت، هاوکات ئاگربەستی غەززەش بە سەرکەتوو دەزانێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە داڤۆس لە گوتارەکەیدا لەبارەی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، دەبێت ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە ئاسایی بکاتەوە و دەستبەرداری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بێت.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، گوتی: "لێرە لە داڤۆس هیوا دەخوازم، کە ئێران بە یەکجاری بە هەموویان ڕابگەینێت کە دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی دەبێت و لەهەمان کاتدا دەست بە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان بکات".

هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوای ئەوەشی خواست، هەموو لایانەکان لە غەززە بۆیان دەربکەوێت ئەو ئاگربەستە لە بەرژەوەندیی هەموویانە و ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی زیاتر.

گوتێرێز گوتیشی: ''بە گوێرەی ئەو هاوکارییانەی کە گەیندراوەنەتە غەززە، دەتوانم بڵێم ئاگربەستەکە تاوەکوو ئێستا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەش دەکەین."