وەزیری بەرگریی سووریا هەڕەشە لە هەسەدە دەکات

وەزیری بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: دەسەڵاتی نوێی سووریا ئامادەیە گرووپە چەکدارەکان هەڵوەشێنتەوە و کۆیان بکاتەوە لە چوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتوو، هەروەها ئامادەی دانوستانین لەگەڵ هەسەدە، بەڵام ئەگەر پێویست بکات هێز بەرانبەریان بەکار دەهێنین.
چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، مورهەف ئەبوقەسرە، وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی سووریا، لە دیدارێکدا وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئەبوقسەرە، ڕایگەیاند: دەسەڵاتی نوێی سووریا ئامادەیە گرووپە چەکدارەکان هەڵوەشێنتەوە و کۆیان بکاتەوە لە چوارچێوەی سوپایەکی یەکگرتوو، هەروەها ئێمە ئامادەی دانوستانیان لەگەڵ هەسەدە کە ئێستا ئەوان ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ناچار بن و پێویست بکات هێز لە بەرانبەر هەسەدە بەکار دەهێنن.
وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی سووریا، هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دەیانەوێت نەوتیان ڕادەست بکەن، بەڵام ئەوە داواکاری ئەوان نییە و نەوتیان ناوێت، بەڵکو دەیانەوێت کۆنترۆڵی دامودەزگە و سنوورەکان بکەن.
لە کاتێکدا ئیدارەی نوێ لە سووریا بەردەوامە لە بنیادنانەوەی دامەزراوەکان و سوپا و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، جەختی لەوە کردەوە، کە وەزارەتەکە کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ.
دروستکردنی سوپایەکی نوێ
مورهەف ئەبوقەسرە، گوتی: لێژنەیەک لەگەڵ ئەفسەرانی باڵای وڵات پێکهێنراوە بۆ بنیادنانی پێکهاتەی هێزە چەکدارەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی شەش هەزار و 400 ئەفسەر پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوپا جیابوونەتەوە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نامێنێتەوە.
چارەنووسی هەسەدە
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەبوقەسرە ڕوونیکردەوە، وەزارەتەکە هەمیشە وای پێ باشترە بە دیالۆگ کێشەکان لەگەڵیاندا چارە بکەن، بەڵام ئامادەن بۆ هەموو ئەگەرێک. هاوکات گوتیشی: هێشتا دانووستانەکان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامن.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئیدارەی نوێی سووریا، نیازی خۆی بۆ دروستکردنی سوپایەکی نوێ و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان نیشاندا.
وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی سووریا ڕوونی کردەوە، دەیانەوێت سوپایەکی نیشتماینی دروست بکەن، کە ئەرکیان پاراستنی خەڵک و بەرژەوەندییەکای وڵات بێت.