ئەسعەد شەیبانی: هەڵگرتنی سزاکان کلیلی سەقامگیریی سووریایە

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، دەڵێت: ڕێگە بە دابەشبوونی سووریا نادەین، هەروەها هەڵگرتنی سزاکان کلیلی سەقامگیریی وڵاتەکەیە.

چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، لەمیانەی بەشداریی لە پانێلێک، لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، ڕایگەیاند: لە سووریا سەرنجمان لەسەر بەرەوپێشبردنی چارەسەرییەکانە، ئاڵنگاری زۆر گەورە لە پێشمانە، بەڵام نابێت وا بکەین هاووڵاتییانی وڵاتەکەمان بێ هیوا بن.

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، دەڵێت: بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین ئەو کارەساتانەی کە پێشتر بە سەریاندا هاتووە دووبارە نابنەوە. جەختی لەوە کردەوە، سەرنجیان لەسەر کەرتی وزەیە چونکە زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندی وڵاتەکە دایە.

باسی لەوەش کرد، پێشوازیی لە گەڕانەوەی هاووڵاتییانی سووریا دەکەین کە چەندین ساڵا لە وڵاتەکانی دیکە پەنابەربوون، وڵاتەکەمان زۆر پێویستی پێیانە و تا ئیستا هەزاران کەس گەڕاونەتەوە.

شەیبانی، گوتی: سووریا دەبێت بێ هیچ دابەشبوونێکی تائیفی بۆ هەموو سوورییەکان بێت، هەروەها رێگە بە دابەشبوونی وڵاتەکە نادەین.

لەبارەی سەردەمی بەشار ئەسەدەوە، دەڵێت: کێشەیەکی زۆری سەردەمی ڕژێمی پێشووی سووریا بۆ ئێمە بە میرات ماوەتەوە، هەروەها پێویستە سزا ئابوورییەکان بە زووترین کات لەسەر سووریا هەڵبگیرێن.

جەختی لەوەش کردەوە، لابردنی سزا ئابوورییەکان کلیلی سەقامگیری سووریایە، هاوکات ڕوونی کردەوە، سووریا نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک، هەروەها ئافرەتان ڕۆڵی سەرەکییان لە داهاووتی وڵاتدا دەبێت.

وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، گوتیشی: ئێستا بەشار ئەسەد خۆی لە مۆسکۆ حەشار داوە، پێویستە ئەو سزا بدرێت نەک گەلی سووریا.