خامنەیی لە وەڵامی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و ئیسرائیل: ئێران لاواز نەبووە

ئایەتوڵلا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند "ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن تووشی وەهم بوون و ئەزموونی ڕابردوو سەلماندوویەتی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت."
ئەم قسانەی ئایەتوڵلا خامنەیی کاردانەوەیەک بوون بەرانبەر بە لێدوانی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا و ئیسرائیل کە لە پاش ڕووخانی بەشار ئەسەد باسیان لە لاوازبوونی ئێران کردووە.
خامنەیی لە لێدوانێکدا بۆ بەرهەمهێنەران و چالاکوانانی ئابووریی وڵاتەکەی ئاماژەی بە پشتیوانیی جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا لە ڕژێمی سەددام حوسێن کرد و گوتی: "سەددامیش بە خەیاڵی ئەوەی ئێران لاواز بووە هێرشی کرد. ڕەیگانیش بە خەیاڵی ئەوەی ئێران لاواز بووە پشتیوانیی لە ڕژێمی سەدام دەکرد. ئەوان و دەیان وەهم لێدراوی دیکە نەمان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژ بە رۆژ بەهێزتر بوو. پێتان دەڵێم ئەم ئەزموونە دیسانیش دووبارە دەبێتەوە."
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوەش کرد: "ئەگەر سیستمی داراییی بریکس و ئەو ئاڵوگۆڕانەی بڕیارە بە دراوی وڵاتانی ئەندام بکرێن، کاری لەسەر بکرێت، بێ گومان دەبێتە هاوکارییەکی گەورە. یەکێک لە گرفتەکانی ئێستەمان خۆهەڵواسینە بە دۆلارەوە، ئەو وڵاتانەش لەوە تێ گەیشتوون، هەڵبەت بەشێک لە ئەندامانی ئەم سندووقە داراییە بەهۆی لەبەرچاوگرتنی بواری سیاسییەوە ناوێرن بەکردەوە جێبەجێی بکەن، پێویستە بە جووڵەی دیپلۆماسی بەرەو ئەو کارە هان بدرێن."
ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە هاوکات لەگەڵ ڕیوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترامپ و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، بەهای دراوی ئێران لە بازاڕی ئەم وڵاتە دەستی بە دابەزین کرد و گەیشتە نزمترین ئاست لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
محەممەد حوسێن عادلی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێرانیش هۆشداریی داوە ئەگەر ترامپ بیەوێت ڕێگە لە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بۆ چین بگرێت، هەڵاوسان و کورتهێنانی بودجە دوو ئەوەندەی زیاد دەکەن و دۆخی ئابووریی ئێران لەوەی کە هەیە خراپتر و لاوازتریش دەبێت.