ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان داوای ڕاگرتنی کوشتنی سەگی بێلانە دەکەن

گردبوونەوەی ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر
گردبوونەوەی ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر

ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان داوا ڕاگرتنی کوشتنی سەگی بێلانە لە شارەکانی کەرکووک و دهۆک دەکەن و دەڵێن: کوشتن چارەسەر نییە. 

پێشنیوەڕۆی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، لە دژی کوشتنی سەگی بێلانە لە شارەکانی کەرکووک و دهۆک، ڕێکخراوەکانی ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان؛ گردبوونەوەیەکی ناڕازیەتییان ساز کرد و  داوایان کرد، کوشتنی سەگە بێلانەکان ڕابگیرێت.

یەکێک لەو کەسانەی لەنێو گردبوونەوەکەدا بوو، بە هێرۆ مەولوودی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: "ئێمە دژی کوشتنی سەگە بێلانەکانین. لە ماوەی ڕابردوودا، لە کەرکووک بە چەک سەگی بێلانەیان کوشت و لە دهۆکیش فەتوای کوشتنی سەگی بێلانەکان درا."

بە گوتەی خۆی "کوشتنی سەگ چارە نییە، بەڵکوو دەتواندرێت بە شێوەی زانستی و ڕێگەیەکی دیکە بۆ چارەکردنی کێشەکە بە کار بهێندرێت. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، ڕێگە بەم کارە نەدەن و بیوەستێنن."

ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری کەرکووک، دوای ئەوەی سەگێکی بێلانە پەلاماری کچە منداڵێکی دا و بەهۆیەوە گیانی سپارد، ژمارەیەکی زۆری سەگی بێلانە لەو شارە کوژران، ئەمەش کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا.