بازرگانی و پیشەسازی هەرێم: ڕێنمایی بەهیچ بریکارێک نەدراوە بۆ کڕینەوەی بەشە خۆراکی هاوڵاتییان

بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، هیچ ڕێنمایی و بڕیارێک نەدراوە کە بریکارەکانی خۆراک بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان بکڕنەوە.
پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: "هیچ ڕێنمایی و بڕیارێک نەدراوە بۆ کڕینەوەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان لەلایەن بریکارەکانی خۆراک، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییەک بە ویستی خۆی بەشە خۆراکی مناگانەی بفرۆشێت کێشەی نییە و دەتوانێت ئەوکارە بکات."
گوتیشی: "ئەو هاوڵاتییانەی دوای مانگێک یان زیاتر بەشەخۆراکی مانگانەیان وەرناگرن، دەگەڕێندرێتەوە کۆگاکانی سەربە بازرگانی هەرێم."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وا بڵاوکرایەوە، کە بەڕێوەبەری بەشە خۆراکی یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، گوتبوی :هاوڵاتیان دەتوانن بەشە خۆراکەکانتان بە بریکارەکان بفرۆشنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، باسی لەوەش کرد، "مامەڵەی دەرهێنان و گواستنەوەی پسولەی خۆراک، بەشێوەیەکی گشتی لەسەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان وەستاوە، چونکە ئێستا حکوومەتی عێراق لە شەش پارێزگا کە هەولێریشی تێدایە، خەریکی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنی تایبەتە بەو بابەتە، دوای ڕاهێنان کردن بە فەرمانبەران بەشێوەیەکی فەرمی کار بەو ئەپلیکەیشنە دەکرێت."