وادەی وەرگرتنی پارەی حاجیان کۆتایی هات

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی پارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بوو.

پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروبای ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر تەواوی ئەو هاوڵاتییانەی ناویان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ دەرچووە، ئاگادارکراونەتەوە کە ئەمڕۆ دوا کاتی وەرگرتنی پارەی حاجیانە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، گوتیشی: بە دوو قیست پارەکە وەرگیراوە، تەواوی ئەو کەسانەی ناویان گەڕاوەتەوە، قیستی دووەمیان هێناوە، ئەو کەسانەی بەڕێگای وشکانیی دەچنە حەج تێچووەكەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینارە، بەڵام ئەوانەی بە رێگایی ئاسمانیی دەچن، حەوت ملیۆن دینارە.

بڕیار وایە ئەمساڵ پێنج هەزار و 120کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیە بکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.