مەسرور بارزانی لە داڤۆس 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لە سێیەم ڕۆژی کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، زیاتر لە 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا، ئەجێندای کۆبوونەوەکانیشی بریتیبوون لە دروستکردن و بەهێزترکردنی پردی پەیوەندییەکان، دۆخی ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاسایش و ئابووری.

کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس بەردەوامە، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بۆ دروستکردن و پەرەپێدانی پردی پەیوەندییەکان بۆ کوردستان، لە هەوڵ و کۆبوونەوەکانی بەردەوامە.

تەنها لە ڕۆژی چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەم و لە سێیەم ڕۆژی کۆڕبەندی داڤۆس، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، جەختیان لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکەش، هەروولا لەسەر گرنگی ئاگربەستی غەززە و پاراستنی ئاشتی و ئارامی لە سووریا هاوڕا بوون.

هاوکات لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ دیک شوف ، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، مەسرور بارزانی لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی هاوڕابوون، سەرۆک وەزیرانی کوردستان دووپاتیشی کردەوە، پشتیوانی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر و بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە سووریا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حوسێن بن عەبدولڵا، شازادەی جێنشینی ئوردن، جەختیان لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و مافی گشت پێکهاتەکانی سووریا کردەوە، لە کۆبوونەوەشی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆک وەزیرانی کوردستان ئاشکرای  کرد، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران کرد، مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیشیان تاوتوێ کرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی کوومەتی هەرێمی کوردستان هەر لە داڤۆس، لەگەڵ ماجد قەسەبی، وەزیری بارزانی سعوودیە کۆبووەوە، هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانییەکان کردەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment