لێدوانێک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی هەمواری یاسای بودجە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پشنیازێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵەوە، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، بۆ پەرلەمانی عێراق نێدراوە. جەختی لەوەش کردەوە، ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەینێت و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە.
پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، لە لێداوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندوبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ پەرلەمان نێردراوە.
هاوکای باسی لەوە کرد، ئەم پێشنیازە لە هەمان کاتدا دژی بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵیشە تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
پێشەوا هەورامانی، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هەوڵانە زیان بە هەموو عێراق دەگەیەنن و کێشەکان قووڵتر دەکەنەوە و خزمەت بە چارەکردنی پرسەکان ناکەن.
گوتیشی: ئێمە ئەو هەوڵ و پێشنیازانە، بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکەینەوە و دژی دەوەستین، بۆیە دەبێت ئەو پێشنیازەی لەسەری ڕێککەوتووین، ئەو بخرێتە دەنگدانەوە.