گرنگی بەشداریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە داڤۆس و سەرنجی وڵاتان لەسەر دیدار و کۆبوونەوەکانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی کۆڕبەندی داڤۆس، زیاتر لە 15 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا و تێیدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەوە وڵاتان بە گرنگییەوە باسیان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ مەسرور بارزانی کردووە، هەروەها بانگهێشتیشیان کردووە تا لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی وڵاتەکانیان بکات.
دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەرۆک و سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی وڵاتان، 55ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا دەستی پێکرد.
لە ساڵی 1971ـەوە تاوەکوو ئێستا کۆربەندی داڤۆس بەردەوامە و، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵە بەشداریی لە کۆربەندەکە دەکات و ماڵی کوردستانیش دووەم ساڵە لە داڤۆس میوانداری سەرۆک و سەرکردە و شاندی وڵاتان دەکات.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: ئامانجمان پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس، لە ڕێوڕەسمێکدا (ماڵی كوردستان)ـی كردەوە و ڕایگەیاند: خۆشحاڵم کە بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارین لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "ماڵی کوردستان لە داڤۆس نیشاندەری توانای هەرێمی کوردستانە لە داهێنان، وەبەرهێنان و گەشەی ستراتیجیدا".
ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ عێراق و ناوچەکە، تاوەكوو پێشکەوتنی ئابووری لە ناوچەکە پەرە پێبدەین.
لەلایەکی دیکەوە جەختی لە هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە كردەوە و گوتی: چەند ڕۆژێکە کاری زۆر جیددی لە بەغدا دەکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێت.

مەسرور بارزانی بۆ سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا: دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین
سێشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنیدا لە داڤۆس، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "لە دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەى بە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەلجیکا دەربڕی."
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەلجیکای بۆ هەرێمی کوردستان کرد.

شانشینی بەحرەین ئامادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی شانیشینی بەحرەین کۆبووەوە کە لە شازادە عیسا بن سەلمان ئال خەلیفە ، شێخ سەلمان بن خەلیفە ئال خەلیفە وەزیری دارایی و ئابووری نیشتمانی و عەبدوڵلا عادل فەخرۆ وەزیری پیشەسازی و بازرگانی و شێخ سەلمان ئەحمەد ئال خەلیفە سەرۆکی دیوانی جێنشینی بەحرەین پێکهاتبوو.
شاندەکە سڵاو و ڕێزی شا حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە شای بەحرەین و هەروەها جێنشین و سەرۆک وەزیرانی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و ئامادەیی شانشینی بەحرەینیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا نیشاندا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی شانشینی بەحرەینی کرد، بە تایبەتی شا حەمەد و خواستی بەهێزترکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەی دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی چیک هەمەجۆرکردنی ئابوورییان تاتوێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ یان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری چیک لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کرا.

مەسرور بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن کۆبووەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ عەیدەرۆس زوبەیدی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئینتیقاليی باشووری یەمەن کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا دۆخی گشتیی عێراق و یەمەن و گۆڕانکارییەکانی سووریا تاوتوێ کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایش و ئاراميی ناوچەکە.

وهزیری وەبەرهێنانی سعوودیە خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووريی داڤۆس، لەگەڵ خالید ئەلفالح، وەزیری وەبەرهێنانی عەرەبستانی سعوودی کۆبووەوە.
وەزیری وەبەرهێنانی سعوودی، سڵاو و ڕێزی شا سەلمان و شازادەی جێنشین محەممەد بن سەلمانی بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
مەسرور بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی، ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە دەربڕی.

عەلیێڤ، مەسرور بارزانی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد
لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کۆبووەوە.
لەو دیدارەدا، سەرۆک ئازەربایجان خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە نیشان دا و ئاماژەی بە پەیوەندیی دێرینی نێوان ئازەربایجان و گەلی کورد کرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بانگهێشتی ئازەربایجان کرد.
ئیلهام عەلیێڤ ڕاشیگەیاند، لە بەرنامەیدایە سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. هەروەها ئامادەییشی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتی ئاسمانی نێوان باکۆ و هەولێر دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگیی کۆماری ئازەربایجانی کرد و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات کۆبوونەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ محەممەد قرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئيمارات كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی برەودان بە پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات لە بوارەکانی ئابووری، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی کرا.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان تایبەت بوو بە، گفتوگۆکردن لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری و پێشخستنی توانا مرۆیی و کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان.

محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، مەسرور بارزانی بانگهێشتی قەتەر کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنە و دۆخی گشتیی عێراق ئاڵوگۆڕ کرا. سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی قەتەر کرد.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی سووریا. سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ لە یەکنزیکردنەوەی لایەنە کوردی و سوورییەکان نیشاندا.
هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و مافەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوان محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی قەتەر و مەسرور بارزانی، سەرۆکی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاتوێ کرا.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پێشهاتەکانی دۆخی غەززە و سووریا.
رئيس مجلس الوزراء وزير الخارجية @MBA_AlThani_ يجتمع مع رئيس حكومة إقليم كوردستان العراق#الخارجية_القطرية pic.twitter.com/AxEzNIYriO
— الخارجية القطرية (@MofaQatar_AR) January 21, 2025

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا جەختیان لە پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بۆ سووریا کردەوە
چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، لەگەڵ دیک شوف، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا کۆبووەوە.
هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی سووریا کرد، هەروەها هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر و هەمەلایەنە و بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا.
هەر لە دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندیی دوولایەنەی هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا کردەوە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و جەواد زەریف چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، یاریدەدەری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی کۆبووەوە.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و بە تایبەتی سووریا کرا.
گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و دابینکردنی مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لهگەڵ وهزیری بازرگانیی عەرەبستانی سعوودی کۆبووەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ماجید ئەلقەسەبی، وەزیری بازرگانیی عەرەبستانی سعوودی کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ لە دیدارەکەدا جەخت لە پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عەرەبستانی سعوودی بە تایبەتی لە بواری بارزگانی و وەبەرهێنان کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شازادەی جێنشینی ئوردن پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان تاوتوێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ حوسێن بن عەبدوڵڵا، شازادەی جێنشینی ئوردن کۆبووەوە.
شازادەی جێنشینی ئوردن، ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و لە مێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی کرد و ئامادەیی تەواویی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی ئوردن و شا عەبدوڵلای کرد کە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سووریا تاوتوێ کرا و جەخت لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی و مافی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە کرایەوە.
هەروەها دیوانی شاهانەی هاشمی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس باسی لە کۆبوونەوەکانی نێوانیان کردووە.
His Royal Highness Crown Prince Al Hussein meets with Prime Minister of the Kurdistan Region in Iraq Masrour Barzani, on the sidelines of the World Economic Forum’s Annual Meeting in Davos, Switzerland #Jordan #WEF25 pic.twitter.com/KFd33gHHES
— RHC (@RHCJO) January 22, 2025

مەسرور بارزانی و گوتێرێز كێشهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و فیدراڵیان تاوتوێ کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، دۆخی گشتیی عێراق و کێشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و جەخت لە ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵەکانی د. محهممهد حهسسان، نوێنهرى تايبهتى سكرتێرى گشتیی UN و بهرپرسی (يوونامى) لە عێراق کرد بە ئاراستەی چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی عێراق.
گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگربەستی غەززە و بە تایبەتی دۆخی سووریا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامیی لە سووریا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی دیمەشق کرا
پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "وەزیری دەرەوەی سووریا، کورتەیەکی دەربارەی بارودۆخی نوێی سووریا و هەوڵەکانی ئیدارەی نوێ بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی و دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی خستەڕوو."
وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەدا "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت."
ئەوەش خراوەتە ڕوو، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بانگهێشتی دیمەشق کرد و گوتی: "هیوادارین کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە شام بتبینین."
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، "پاراستنی ئاشتیی و ئارامیی سووریا بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە و لەمبارەیەوە ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو پشتگیریی و هاوکارییەکی پێویست بۆ خوشک و برایانمان لە سووریا."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پاراستنیی مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا و لەنێویشیاندا گەلی کورد."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا بەرز نرخێنرا.

مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی حکوومەت و گەلی فەرەنسا بۆ گەلی کورد کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە داڤۆس، لەگەڵ جان نۆوێل بارۆ، وەزیری ئەورووپا و کاروباری دەرەوەی فەڕەنسا کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامیی حکوومەت و گەلی فەرەنسای بۆ گەلی کوردستان کرد.
لەو کۆبوونەوەدا، "گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەنديی دوولایەنە و سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەوڵەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا."
سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە، "هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێ کردووە، بۆیە پێویستە مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل نەکرێت و دەبێ ڕێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگیرێت و مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێردرێت."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کرواتیا کۆبووەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوا ڕۆژی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، لەگەڵ ئەندرێ پلێنکۆڤیچ، سەرۆک وەزیرانی کرواتیا کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە گۆردان رادمان، وەزیری دەرەوەی کرواتیا ئامادەی بوو، برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە تاوتوێ کرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کرواتیا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێناندا.
سەرۆک وەزیرانی کرواتیا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە و کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە ئاسایشی ناوچەکەمان تاوتوێ کرد.
Na susretu s predsjednikom Vlade kurdistanske regije Iraka @Kurdistan @masrourbarzani raspravili smo niz pitanja vezanih za regionalnu sigurnost. #wef25 pic.twitter.com/4GukqJjMK0
— Andrej Plenković (@AndrejPlenkovic) January 23, 2025

مەسرور بارزانی: بە پەیوەندیی بەهێزتر و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتووی کوردستان، داڤۆس جێدەهێڵین
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی داڤۆس بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، "بە پەیوەندیی بەهێزتر و دەرفەتی زیاتر بۆ داهاتووی کوردستان، داڤۆس جێدەهێڵین".
مەسرور بارزانی، لە داڤۆس، لە ماوەی چوار ڕۆژدا زیاتر لە 15 کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیران، وەزیر، بەرپرس، وەبەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکانی جیهان ئەنجامدا، تێیدا جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان کردووەتەوە.