ئێران بۆ تورکیا: لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی سووریا نیگەرانین

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای پاراستنی پێکهاتەکانی سووریا و بە تایبەت شیعە و عەلەوییەکانی وڵاتەکە دەکات.
ئاژانسی ئیسنا ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، عێراقچی جەختی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر و بنکە فراوانی سووری بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووەتەوە.
ئاژانسی ئیسنا ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراقچی سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر خەڵکی مەدەنی لەو ناوچانەی دانیشتووانەکەی شیعە و عەلەوین نیگەرانیی وڵاتەکەی دەربڕیوە و داوای کردووە، مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بپارێزرێت.