11 شێفی کورد نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی شێفانی عێراق دەکەن

لە کۆی 21 شێفی ئەندامی هەڵبژاردەی شێفانی عێراق، 11ـیان کوردن و خواردنی کوردەواری بە جیهان دەناسێنن. 

هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "نزیکەی مانگێکە دەستەی گەشتوگوزاری خۆمان و دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، لە هەوڵدابوون بۆ دیارکردنی هەڵبژاردەی شێفانی عێراق. دوای سێ قۆناغ لە پێشبڕکێ، 21 شێف وەک ئەندامانی هەڵبژاردەی شێفانی عێراق دیاریکران."

بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەو 21 شێفە، 11ـیان کوردن و بە خواردنە کوردییەکان نوێنەرایەتیی هەڵبژاردەی عێراق دەکەن.

گوتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار باسی لەوەش کرد: "پێشتر عێراق هەڵبژاردەی فەرمیی شێفەکانی نەبووە، بەڵکوو بە شێوەی تیمی جیاواز بەشداریی فێستیڤاڵ و پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەکانی دەکرد، بەڵام لەمەبەدوا بەشێوەی هەڵبژاردەی فەرمی بەشداریی دەکەن."

ئیبراهیم عەبدولمەجید دووپاتی کردەوە، مبەستیان لە بەشداریپێکردنی ئەو شێفە کوردانە، خواردنە کوردییەکان بە جیهان بناسێنن.