بەڕێوەبەری کارگێڕیی چیای کۆڕەک: ڕۆژانی هەینی زیاتر لە چوار هەزار گەشتیار سەردانمان دەکەن

لەگەڵ بارینی بەفرێکی زۆر لە چیاکان و ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان و گەشتیاران بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن.

یەکێک لەو چیایانەی هەرێمی کوردستان، هەمیشە بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت، چیایی کۆڕەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هەینی، 24ـی کانوونی دووەمی 2025، حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری کارگێڕیی چیای کۆڕەکی گەشتیاری، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ساڵانە لەگەڵ بارینی بەفر و داپۆشینی چیایی کۆڕەک، گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکات، بە تایبەتی لە کۆتایی هەفتە و بۆنەکان.

حوسێن عەلی، گوتیشی: "لە چیای کۆڕەک 132 خانووی گەشتیاری و هۆتێل هەن، کە  94 ژوور لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەهۆی هاتنی ڕێژەی زۆری گەشتیاران بەردەوام شوێنی مانەوە نامێنێت،  بە تایبەت لە ڕۆژانی هەینی دا  زیاتر لە چوار هەزار گەشتیار سەردانمان دەکەن".

لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆری چیا هەن، چەند ساڵێکە حکوومەتی هەرێم کاریان لەسەر دەکات، بۆ ئەوەی وەک پڕۆژەی گەشتیاری سوودی لێ ببیندرێت.