وەزارەتی ناوخۆی عێراق: لە سنووری زاخۆ دوو سەربازمان لەلایەن پەکەکەوە شەهیدکران

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای دەکات، دوو سەربازی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لەلایەن پەکەکەوە شەهیدکراون و یەکێکی دیکەشیان برینداربووە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەکاتێکدا هێزەکانمان لە ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی سنووری زاخۆ بوون لەلایەن چەکدارانی تیرۆریستی پەکەکەدەستڕێژی گوللەیان لێکرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی دەستڕێژییەکە دوو سەربازمان شەهیدبوون و یەکێکی دیکەیان برینداربوو.

پێشتر ئه‌میر عه‌لی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی زاخۆ بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، لە ئەنجامی هێرشەکەی پەکەکەدا، دوو پاسەوانی سنوور شەهید بوون و دانەیەکی دیکەشیان بریندار بووە، بەڵام ئێستە تەندروستیی جێگیرە.  

ئه‌میر عه‌لی ئاماژەی بەوەش کرد بوو، هەر سێ قوربانیی هێرشەکە دانیشووی هەرێمی کوردستانن؛ ئەو دوو پاسەوانە سنووریەی شەهید بوون، یەکێکیان ناوی "عەلی ڕەمەزان ئیسماعیل"ـە كە خەڵکی قەزای سێمێلە و ئەوەی دیکەشیان ناوی ‌"مێهڤان ناجی میر شەرەف"ـە و دانیشتووری شاری دهۆکە.