سیپان شێروانی: پێویستە پێشنیازی نوێی هەمواری یاسای بودجە وەلا بنرێت

ئەندامێکی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق لە پێشنیازی هەناردەکردنەوەی نەوت پاشگەزبووەتەوە و پێویستە پێشنیازی نوێیەکە وەلا بنرێت.

هەینی 25ـی کانوونی دووەمی 2025، سیپان شێروانی، ئەندامی لێژنەی ئابووری و بازرگانی و پیشەسازیی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە ئەو پێشنیازەی کە ڕۆژی ڕابردوو لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و فرۆشتنی هاتووەتە پەرلەمان لەگەڵ هەموارکردنی لێژنەی دارایی وەلا بنرێن.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کار لەسەر نووسراوەکەی حکوومەت بکرێت کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو.

پێنجشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەمواری یاسای بودجە، لە لێداوانێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای چەندین کۆبوونەوە و هەوڵ و ماندوبوون بۆ ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەموار بکرێتەوە و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە، هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیشی بۆ کرا، بەڵام بەداخەوە لە کۆتا ساتەکاندا، دەنگی لەسەر نەدرا.

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئێمە تووشی سەرسوڕمان بووین بەوەی پێشنیازێک لەلایەن نوێنەری حکوومەتی فیدراڵ لە پەرلەمانەوە، تاکلایەنە و بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێم بکرێت، یان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە دەنگی لەسەر درابێت بۆ پەرلەمان نێردراوە.