باڵەخانەیەک لە پارێزگای کۆنیا داڕما

باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە پارێزگای کۆنیای تورکیا داڕما. سەرۆکی شارەوانی پارێزگاکە لەبارەی ڕووداوەکە ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە نازاندرێت".
هەینی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە پارێزگای کۆنیای تورکیا داڕما و ئیبراهیم ئاکن، پارێزگاری کۆنیا ڕایگەیاندووە، "بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان 5 کەس لەناو شوقەکانی باڵەخانەکەن و پشکنین دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت هیچ کەسێکی دیکە لە شوقەکانی تردا بوونی هەیە".
هاوکات ئوگور ئیبراهیم ئاڵتای، سەرۆکی شارەوانی کۆنیا لەبارەی رووداوەکە ڕایگەیاندووە، "تا ئێستا هۆکاری داڕمانی باڵەخانەکە نازاندرێت، تیمەکانی ئافاد و فریاگوزاری بەردەوامن لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی هاووڵاتییان".
لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایە، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند: کاتێک بیستمان ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕووی دا، تیمەکانی ئافاد و شارەوانی بە خێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، هەروەها هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانە بەردەوامە کە لە نێو باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.
پارێزگای کۆنیا یەکێک لە پارێزگاکانی تورکیایە کە لە ناوچەی ئاناتۆلیای ناوەندی ھەڵکەوتووە، هەروەها حەوتەمین پارێزگای پڕ لە دانیشتووی تورکیایە، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە دوو ملیۆن و 100 هەزار کەس.