سەرۆک کۆماری عێراق: حکوومەت ڕێگریی لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، وەستانی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ئەنجامی دەستوەردانی حکوومەتی عێراقەوە بووە.
لەدیدارێکی لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سکای نیوزی عەرەبی، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی: هێرش و چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، بەهۆی دەستوەردانی ڕاستەوخۆی حکوومەتی عێراقەوە ڕاوەستاون.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوە کرد "هۆی کێشەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، نەبوونی یاسای نەوت و غازە؛ دەیانەوێت لەم خولەی پەرلەمان یاسای نەوت و غاز دەربکرێت بۆ ئەوەی چارەی بنەڕەتی ئەم کێشەیە بکرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق دەشڵێت؛ عێراق، لە دۆخی سووریا و ئەگەری سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆریستی لەو وڵاتە نیگەرانە، بەغدا لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکانی نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سووریا چارە بکرێت، چونکە هەسەدە هێزێکی گەورە و کاریگەری سووریایە.