ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە: گرووپێکی چەکدار بە پرۆژەیەکی ساختە بە نیازی دزینی دەیان ملیار دینارن

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە، ڕایگەیاند، پرۆژەی  42 گەڕەکی پاریزگاکە دراوەتە گرووپێکی چەکدار کە لە لیستی تیرۆری جیهانیدایە! جەختی کردەوە، ئەو گرووپە بەنیازە لە ڕێگەی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە ملیارەها دینار بدزێت.

شەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2025، تاریق بەرقعاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانییە بە میدیای ناوخۆیی گوت: "پرۆژەی 42 گەڕەکی شاری دیوانییە،  لە درۆیەکی گەورە بەولاوە زیاتر نییە، چونکە لە ڕاستیدا هیچ پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە نییە."

دەشڵێت: لە ڕاستیدا  پرۆژەکە تەنیا دروستکردنی چوار یان پێنج گەڕەک لە ناوەندی شارەکە بوو و ئەویش جێبەجێ کراوە، دوای تەواوبوونیشی دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە پارەی بۆ تەرخانکراوی تەواو بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد "پرۆژە ساختەکە دراوەتە گرووپێکی چەکدار  بە ناوی (ئەنساروڵڵا ئەوفییە)، بە سەرۆکایەتیی حەیدەر غەراوی، ئەویش بۆ فشار دروستکردن بوو لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق، پڕۆژەکەش فێڵێکی گەورەیە، بە ئامانجی دزینی ئەو دەیان ملیار دینارەی کە بۆ پارێزگای دیوانییە تەرخان کراوە."

بەرقعاوی دەشڵێت: "قسەکردن لەسەر ئەم دۆسییە توڕەیی ئەو گرووپە چەکدارەی لێ کەوتووەتەوە، چونکە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لێ کردووە ئەگەر بێت و ئەو گەندەڵییە ئاشکرا بکات."
 گوتیشی "ئەم هەڕەشانە نامترسێنن و ڕێگریم لێ ناکەن بۆ بەرگریی لە ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی دیوانییە، بەتایبەتی کە ئەو گرووپەی کە پرۆژەکەی پێ سپێردراوە لە لیستی تیرۆر دایە."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگا باسی لەوەش کرد "دوای هەڕەشەکان، وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیوانییە، ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی من توندتر کردووەتەوە. بەڵام من ڕەتم کردووەتەوە."

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پارەی بۆ تەواوکردن و  نۆژەنکردنەوەی 42 گەڕەکی پارێزگای دیوانییە تەرخان کرد.