هەسەدە: تاوەکوو 10ـی شووبات چەکدارانی ئەسەد مۆڵەتیان هەیە چەکەکانیان ڕادەست بکەن

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) شەممە، 25 کانوونی دووەم، 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕاگەیەندراوێكی بڵاو کردووەتەوە تیایدا هاتووە، ماوەی مۆڵەتی ڕادەستکردنەوەی چەك لەلایەن پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد بۆ 10ـی شووبات درێژ کردووەتەوە.

هەسەدە ڕایگەیاندووە، دوای ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد هێزەکانیان بە هاوکاریی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ ئۆپەراسیۆنێکیان دەست پێ کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازەکانی ڕژێمی پێشوو و کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنیی بەردەستی پاشماوەکانی ئەو رژێمە.

ئاماژەشی داوە، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدار و لایەنگرانی ڕژێمی پێشوو، بە دەم داواکارییەکەمانەوە هاتن و چەک و موڵکی گشتیان ڕادەست کرد.

هەسەدە ڕاشیگەیاند، لەسەر داوای بەشێک لە چالاکوانە مەدەنییەکان و پیاوماقوڵانی ناوچەکە و بۆ ڕێگریی لە ئاژاوە، مۆڵەتی ڕادەستکردنەوەی چەک و تەقەمەنییەکان کە لای  چەکدارانی ڕژێمی پێشوو ماونەتەوە، بۆ 10 شووباتی 2025 درێژ دەکەینەوە.

هەسەدە جەختیشی لەوە کردووتەوە، ئەوە دوا مۆڵەت دەبێت بۆ ئەو چەکدارانە، دوای ئەو مۆڵەتە لە ڕێگەی یاساوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین.