ئەردۆغان: هیچ جیاوازییەک لەنێوان کورد و تورکدا ناکەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی

سەرۆک کۆماری تورکیا، دەڵێت: دوای ڕزگاری تەواوی وڵاتەکەمان لە نەهامەتی تیرۆر کە 40 ساڵە خوێنمان هەڵدەمژێت، پشتیوان بەخوا بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین و بە دڵنیاییەوە بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین.

شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، لە میانی بەشداریکردنی لە هەشتەمین کۆنگرەی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە پارێزگای وانی باکووری کوردستانی، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، ڕژانی خوێن و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە، وەک دەرفەتێک بۆ نەهێشتنی پرسی تیرۆر دەبینین. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر لەم پرۆسە نوێیەدا حیساباتی جیاواز پەیڕەو بکرێت، ئەوا بە ڕژدییەوە لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین.

سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: ئێمە هەموو خەڵکی تورکیا بە گشتی لە ئامێز دەگرین، بەبێ ئەوەی هیچ جیاوازییەک لە نێوان تورک، کورد ، شیعە و سوننەدا بکەین، بەردەوامیش دەبین.

باسی لەوەش کرد، دوای ڕزگاری تەواوی وڵاتەکەمان لە نەهامەتی تیرۆر کە 40 ساڵە خوێنمان هەڵدەمژێت، پشتیوان بەخوا بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاو دەنێین و بە دڵنیاییەوە بە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر دەگەین.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ڕێگەشبە دووبەرەکی لە نێوان گەلەکەمان نادەین، هەوڵیان دا درزێک لە نێوان ئێمە و ئەوانەی لە جوگرافیا کلتوورییەکەمان دەژین دروست بکەن، بە کێشە و شەڕی ناوخۆیی وزەی تورکیایان بەفیڕۆدا، ئەمجارەیان ناتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن.