هەرێمی کوردستان.. نرخی گۆشتی سوور و مریشک و ماسی ڕوو لە دابەزینە

نرخی مریشک ماوەی زیاتر لە مانگێکە داشکانێکی گەورەی بەخۆیەوە و بینیووە و نرخی گۆشتی سوریش 2 هەزار دینار بۆ هەر کیلۆیەک دابەزیووە. هەرچی گۆشتی ماسییە بەراورد بە مانگی ڕابردوو نرخەکەی دابەزیووە.

نرخی گۆشتی مریشک بەراورد بە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، سەرەتای ئەم ساڵ لە بازاڕ و کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینێکی پێوانەیی تۆمار کردووە، یەک کیلۆ مریشکی زیندوو لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500  دینار بۆ هەر کیلۆگرامێک لە بازاڕ بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.

ماسی یەکێکە لەو خۆراکانەی، لە نرخی گونجاودا  وەک جێگرەوەی گۆشتی مریشک و گۆشتی سوور خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، ئەگەرچی ڕۆژانە گۆڕانکاری و بەرزی و نزمی لەنرخی ماسیدا هەیە، بەڵام بەراورد بە مانگێک پێشتر، لەسەر پرۆژەکانی بەخێوکردن هەر کیلۆیەک هەزار دینار دابەزیووە.

ئەکرەم یاسین،  خاوەن پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرزی و نزمی نرخی ماسی پەیوەندی بە خواستی هاووڵاتی هەیە لەسەر ئەو گۆشتە، بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی هەزار بۆ هەزار و 500 دینار لە نرخەکەی دابەزیووە.

هەر نرخی مریشک و ماسی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان دانەبەزیووە، بەڵکوو گۆشتی سوریش بڕێک لە نرخەکەی بەپێی جۆری ئاژەڵەکە هاتووەتە خوارەوە.

فەتحوڵڵا مەولود، گۆشتفرۆش، بە کوردستان24ـی گوت: پێشتر یەک کیلۆ گۆشتی نەرمە لە ئاژەڵی گەورە 18 هەزار دیناربوو، ئێستا 2 هەزار لە نرخەکەی هاتووەتە خوارەوە.

گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستی خۆبژێووی، بەڵام گۆشتی سوور و ماسی پێداویستی ناوخۆیی پڕ ناکەنەوە.

ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 12 هەزار تۆن ماسی هەیە، لەو بڕە %65ـی لەناوخۆ بەرهەم دێت و ئەوەی تری بە شێوازی زیندوو لە وڵاتانی دەوروبەر یان بەستوو لە وڵاتانی تر هاوردە دەکرێت.