ڕۆژنامەی 'العرب': مەسرور بارزانی لە داڤۆس.. وەرچەرخانی ئاڵۆزی و ئاستەنگەکان بۆ خواست و پاڵنەرەکان
لە ئەنقەرەوە بۆ ئەبوزەبی و لەوێشەوە بۆ داڤۆس؛ چالاکییەکانی مەسرور بارزانی پرسەکانی کوردستان دەخاتە سەر نەخشەی گرنگیپێدانی نێودەوڵەتی

ڕۆژنامه‌ی "العرب"، ڕاپۆرتێكی شیكاریی له‌باره‌ی سه‌ردانه دیپلۆماسییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ توركیا، ئیمارات و ئوردن و به‌شداریی له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی "داڤۆس"، بڵاو كردووه‌ته‌وه و سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، ئه‌م جووڵه و مانۆڕانه‌ی مه‌سرور بارزانی، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فراوانی تۆڕ و ڕایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه و جیهان به گشتیی و سه‌لمێنه‌ری زیندوویه‌تی دیپلۆماسی و توانای سه‌ركردایه‌تیكردنی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌رده‌خات بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی هه‌رێمی كوردستان به ده‌ره‌وه و به‌رگریكردنی له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و شرۆڤه و خستنه‌ڕووی پرسه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی فشاره سه‌پێنراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدراڵ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ڕۆژنامه‌ی "العرب"، سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، به‌شداریی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس له سویسرا، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێ دا دیدگه‌ی سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی بخاته ڕوو، به‌مه‌ش پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی وه‌كوو هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی وڵاتان و ده‌سته به‌شداربووه‌كانی كۆڕبه‌نده‌كه سه‌لماند.
به‌شداریی مه‌سرور بارزانی له كۆڕبه‌ندی داڤۆسدا، درێژكراوه‌ی جووڵه و مانۆڕه فراوانه‌كانیه‌تی
ئه‌و ڕۆژنامه‌یه نووسیویه‌تی، به‌شداریی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆڕبه‌ندی داڤۆسدا، درێژكراوه‌ی جووڵه و مانۆڕه فراوانه‌كانی بوو كه له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیاوه ده‌ستی پێ كرد و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كرد، پاشان ئیماراتی كرده ڕووگه‌ی دووه‌می ئه‌و سه‌ردان و جووڵه و مانۆڕه دیپلۆماسییه نوێیانه‌ی له ساڵی 2025ـدا و له‌وێش له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د بن زاید ئال نه‌یان، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی ئیمارات كۆ بووه‌وه و چه‌ند پرس و بابه‌تێكی گرنگ و هاوبه‌شیی له‌گه‌ڵدا تاوتوێ كرد. سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور ئوردنی وه‌كوو وێستگه‌ی سێیه‌می ئه‌م سه‌ردان و جووڵه و مانۆڕه دیپلۆماسییانه‌ی بۆ وڵاتانی هه‌رێمی و ناوچه‌كه هه‌ڵبژارد و له عه‌ممانی پایته‌ختی ئه‌و وڵاته‌دا، له‌گه‌ڵ شا عه‌بدوڵڵای دووه‌مدا گورزه‌یه‌ك پرسی دووقۆڵی و په‌یوه‌ندیداریان گه‌نگه‌شه و گفتوگۆ كرد.
"العرب"، ئاماژه‌ی به دوایین پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له پلاتفۆرمی (ئێكس) كردووه له دوای به‌شداریی له چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس كه تێیدا له‌گه‌ڵ سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه و به‌رپرسانی ژماره‌یه‌ك له وڵاتانی جیهان كۆ بووه‌وه.
هێزه باڵاده‌سته‌كانی عێراق له ڕێگه‌ی فشاره ئابووری و دارایییه‌كان ده‌یانه‌وێت ململانێكانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كه پارتی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات یه‌كلایی بكه‌نه‌وه
ئه‌و ڕۆژنامه‌یه تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی، چالاكییه زۆر و فراوانه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له داڤۆس گرنگییه‌كی تایبه‌ت و جیاوازیی هه‌بووه به‌تایبه‌تی كه هه‌رێمی كوردستان له‌م قۆناغه‌دا به دۆخێك‌دا تێ ده‌په‌ڕێت كه هێزه باڵاده‌سته‌كانی عێراق كه حوكمی ئه‌و وڵاته‌یان به ده‌سته‌وه‌یه، فشاری توندیان كردووه‌ته سه‌ری و ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی ئه‌م فشاره ئابووری و داراییانه‌ی دروستیان كردووه، ململانێكانیان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كێشه‌كانی تایبه‌ت به پشكی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتیی فیدراڵی و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ده‌وروژێنن.
هێزه باڵاده‌سته‌كانی عێراق پێیان وایه پارتی له له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی ئێرانه
ڕۆژنامه‌كه باسی له‌وه‌ش كردووه، ژماره‌یه‌ك له هێز و گرووپه شیعه‌كان كه ده‌سه‌ڵاتییان له عێراق به ده‌سته‌وه‌یه، هه‌ڵوێستی نه‌رێنییان به‌رانبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه پێیان وایه هه‌رێمی كوردستان به پله یه‌ك له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت، له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی ئێرانه، كه هاوكات خودی ئه‌و هێز و گرووپانه سه‌ر به‌و وڵاته‌ن و وه‌كوو باڵی ده‌ره‌وه‌ی تاران كار بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندا و سیاسه‌ته‌كانی له‌ناو عێراقدا ده‌كه‌ن.
هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئاسته‌نگی بۆ دروست ده‌كرێت
هه‌رێمی كوردستان وه‌كوو ڕۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی بۆ كردووه، به دۆخ و قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌تایبه‌تی له دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ئۆكتۆبه‌ری 2024ـدا و ئێسته له پرۆسه‌یه‌كدا هه‌وڵی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ده‌دات. ڕۆژنامه‌كه ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، ڕووخسارێكی ئه‌م دۆخه هه‌ستیاره، قورسی باری دارایی و ئابووریی و ئاسته‌نگه‌كانیه‌تی كه ده‌رهاویشته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌یشی ئاڵۆزی پرسی بودجه‌ی گشتیی فیدراڵ و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانه، نه‌خاسمه دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی ماوه‌ی دوو ساڵه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ ده‌ره‌وه له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه وه‌ستاوه و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌یشی ئاسته‌نگی بۆ دروست ده‌بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێزه كاریگه‌ر و هه‌ژموونگه‌راكانی حكوومه‌تی عێراق فشار ده‌كه‌ن و كۆسپ له به‌رده‌م هه‌مواری یاسای بودجه‌ی فیدراڵی داده‌نێن كه ده‌بێته هۆی دووباره هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه.
ڕۆژنامه‌ی "ئه‌لعرب" له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وه‌ی خستووه‌ته ڕوو، سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له میانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له داڤۆس له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای وڵاتان و هاوكات له میانی لێدوانه‌كانیدا له په‌راوێزی به‌شداریی له كۆڕبه‌نده‌كه‌دا، به وردی تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و پرسانه و به‌رگریی له هه‌ڵوێستی هه‌رێمی كوردستان كردووه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌م پرسانه‌ی به وردی بۆ ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باس كردووه و هه‌ردوولا جه‌ختیان له چاره‌كردنی پرسی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێزگرتن له مافه ده‌ستوورییه‌كانی كردبووه‌وه.
