ترەمپ: بە مەرج دەگەڕێینەوە نێو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی

دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: لەوانە بیر لەوە بکەنەوە دووبارە بچنەوە نێو ئەو ڕێکخراوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لەکاتی سەردانەکەی بۆ لاس ڤیگاس، ڕایگەیاند "دڵخۆش نییە، بەوەی ئەمەریکا زیاتر لە چین پارە دەداتە (WHO)، بەڵام بیریش لەوە دەکەنەوە دووبارە بگەرێنەوە نێو ڕێکخراوەکە، بەو مەرجەی ئەوان ڕوون کردنەوە لەو بارەیەوە بدەن."

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: "بۆیە لەو ڕێکخراوەیە کشامەوە چونکە، ئەمەریکا ساڵانە 500 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو ڕیکخراوە، لە کاتێکدا چین ساڵانە 39 ملیۆن دۆلار دەدات."

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمەریکا یەکێکە لە گەورەترین پشتگیرییە داراییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەشێوەیەک 18٪ بودجەی گشتیی دوو ساڵی ڕابردووی (WHO) کە دەکاتە ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلار، ئەمەریکا دابینی کردووە. 

دۆناڵد ترەمپ، دوای ڕێورسمی دەست بەکاربوونی، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بە "قۆڵبڕ ناو برد" و بە بیانووی ئەوەی ئەو ڕێکخراوە لە سەردەمی کۆرۆنا لە ژێر کاریگەری چیندا بووە، بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکای WHO دا، بەمەش لە 22ی کانوونی دووەمی 2026، ئەمەریکا بە فەرمی لە ڕێکخراوەکە دەردەچێت.