هاکان فیدان گەیشتە بەغدا

پەیامنێری کوردستان24، شڤان جەباری ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و بە گوێرەی کارنامەی سەردانەکەی، لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق دیدار و کۆبوونەوەی تایبەتی دەبێت.

سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا و پرسە هەرێمییەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی عێراقە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماتی تورکیا، لەم سەردانەدا هاکان فیدان بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کۆ دەبێتەوە.

هەروەها جەخت لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنانە دەکرێتەوە، کە لە میانەی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە 22ی نیسانی 2024 لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئیمزایان کردووە، لە نێویاندا پرسی ئاسایشی سنوورەکان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هاکان فیدان لەم سەردانەیدا پەیامی وڵاتەکەی دەگەیەنێتە حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پابەندی ڕێککەوتننامەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بێت و بە فەرمی کۆتایی بە چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بهێنێت و بیخاتە لیستی ڕێکخراوە قەدەغەکراوەکان.