نەتەوە یەکگرتووەکان: منداڵان قوربانیی یەکەمی شەڕی غەززەن

نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، شەڕی غەززە سەبارەت بە منداڵان جەنگێکی وێرانکارییە، هەروەها زیاتر لە 13 هەزار منداڵی فەڵەستینی کوژراون، نزیکەی 25 هەزار منداڵیش بریندار بوونە، جگە لەوەی زیاتر لە 25 هەزار منداڵی دیکە بەهۆی بەدخۆراکیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
جەیمس کاریکی، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی: "غەززە مەترسیدارترین شوێنی جیهانە بۆ منداڵان."
ئاماژەی بەوەش کرد، "منداڵانی غەززە، ئەو شەڕەیان هەڵنەبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین باجیان داوە."
نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە کۆی 40 هەزار و 717 تەرمی فەلەستینی، یەک لەسەر سێیان، کە دەکاتە 13 هەزار و 319 کەس، منداڵن.
نووسینگەی هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی دەڵیت: ئەو ژمارەیە لە وەزارەتی تەندروستی غەززە وەرگیراوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، 'یونیسێف' بڵاوی کردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە وەزارەتی تەندروستیی غەززە وەریان گرتووە، 25 هەزار منداڵ بریندار بوونە.
ئامینە محەممەد، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "پێنج مانگ پێش ئێستا، نزیکەی 19 هەزار منداڵ بەهۆی بەدخۆراکیی توندەوە لە نەخۆشخانەکان خەوێنراون."
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: لە ماوەی شەڕی 15 مانگەی غەززەدا، هەزاران منداڵ هەتیو بوونە، یان لە دایک و باوکیان دابڕاون.
یاسەمین شەریف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سندوقی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "650 هەزار منداڵ لە خوێندن بێبەش بوونە، هەروەها سیستەمی پەروەردە پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە غەززە ڕووی داوە.