کەشناسیی ئەمەریکا: لەوانەیە بارانەکەی لۆس ئەنجلس کێشەمان بۆ دروست بکات

دوای چەند هەفتەییەک لە بێبارانی و سووتانی بەشیکی زۆری باشووری شاری لۆس ئەنجلس، دوا جار باران لەو شارە باری، بەڵام بەرپرسانی شارەکە هەم دڵخۆشن لەوەی بارانەکە هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکات ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، هەمیش نیگەرانن لەوەی ڕەنگە ئەو بارانە ببێتە هۆی ڕاماڵینی خۆڵەمێش و ماددەی ژەهراوی لە گردەکانی دەوروبەرەوە بۆ ناو شارەکە.
کەشناسیی نیشتمانیی ئەمەریکا بڵاوی کردووتەوە "لە درەنگانی ڕۆژی شەممە، بارانی بەخوڕ لە شاری لۆس ئەنجلس باری، بەمەش چاوەڕێ دەکرێت هاوکاریی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بکات، بۆ ئەوەی ئاگرەکە کۆنترۆل بکەن."
هەروەها کەشناسیی نیشتمانیی ئەمەریکا، پێشبینی کردووە لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕێژەی باران لە ناوچەکەدا بەرز ببێتەوە، لەوانەیە ئەمەش ببێتە هۆی ڕاماڵینی ئەو خۆڵەمێش و ماددەی ژەهراویانەی گردە سووتاوەکانی دەوروبەری بۆ ناو لۆس ئەنجلس."
کارۆل سمیس، کەشناسی ئەمەریکا، لە بارانەکە نیگەرانە و ڕایگەیاند "ئەگەر بارانێکی بەهێز لەو گردانە ببارێت کە سووتاون، ئەو دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو و ڕاماڵینی قوڕ و پاشماوەی سووتانی گردەکان بۆ نێو شارەکە.
کەشناسیی نیشتمانیی ئەمەریکاش، لەو بارەیەوە هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی شارەکە داوایان لێ دەکات خۆیان بۆ خراپترین ئەگەر ئامادە بکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، هێشتا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە تەواوی ئاگرەکەی باشووری کالیفۆرنیایان کۆنترۆڵ نەکردووە، کە لە 7ـی کانوونی دووەمی 2025 دەستی پێ کردبوو و بەهۆیەوە تا ئێستە، نزیکەی 200 ملیار دۆلار زیانی هەبووە. هەروەها پێنج هەزار خانوو سووتاون، کە زۆربەیان خانووی گرانبەها بوون، جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران کەس و 24 کەسیش گیانیان سپاردووە.