ئیسرائیل بۆ حەماس: تاوەکوو دیلێکی دیکە ئازاد نەکەن ڕێگە نادەین ئاوارەکان بگەڕێنەوە

لە هەفتەی دووەمی ئاگربەستەکەی غەززە، ئیسرائیل و حەماس بە پێشێلکاریی ئاگربەستەکە یەکتر تۆمەتبار دەکەن، ئیسرائیل ڕێڕەوی گەڕانەوەی ئاوارەکانی غەززەی بۆ باکووری شارەکە گرتووە و دەڵیت: تاوەکوو دیلێکی دیکە ئازاد نەکرێت ڕێرەوەکە ناکەمەوە.

یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحموود باسل، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە ڕایگەیاند: "دەیان و سەدان ئاوارەی غەززە چاوەڕێی کردنەوەی ڕێڕەوی نەتساریم دەکەن، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان لە باکووری غەززە."

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی غەززە ڕاشیگەیاند: "سەرەرای ئازادکردنی دیلەکانی ئیسرائیل، ئاوارەکانی غەززە لەلایەن هێزی سەر سنووری ئیسرائیل ڕێگریان لێ کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە باکووری غەززە." بەمەش حەماس ئیسرائیلی بە تۆمەتی پێشێلکاریی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردووە.

لای خۆشیەوە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، حەماس تۆمەتبار دەکات، بەوەی دیلێکی بە ناوی ئەربیل یەهودی ئازاد نەکردووە کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەلایەن ئەو بزووتنەوەیە دەستگیر کرابوو.

هەروەها ڕاشیگەیاند: ''بڕیار بوو ئەربیل یەهودی لە نێو لیستی گەڕی دووەمی ئازادکراوەکاندا بێت، بەڵام ئازاد نەکراوە، ئێمەش ئەو ڕێرەوە ناکەینەوە تاوەکوو ئازادی نەکەن." 

ئەمە لە کاتێکدایە غەززە پێی ناوەتە هەفتەی دووەمی ئاگربەستەکە، بە گوێرەی یەکێک لە بڕگەکانی ئاگربەستەکە دەبێت ئیسرائیل ڕێگە بە ئاوارەکان بدات بگەڕێنەوە باکووری غەززە. هاوکات دوێنی حەماس چوار دیلی ئیسرائیلی ئازاد کرد و لە بەرانبەردا ئیسرائیل 200 دیلی حەماسی ئازاد کرد.